نووسینی: کامەران ئیبراهیم شێروانی
دوا بە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی خولی یەکەمی قوتابیانی پۆلی 12، بۆ ساڵی خوێندنی 2022-2023 بۆ گشت بەشە جیاجیاکان، زانستی، وێژەیی، پیشەسازی و بازرگانی، کە بە پێی ئەو ژمارانەی کە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە لایەن بەڕێز وەزیری پەروەردە خرانە ڕوو ژمارەیەکی یەکجار زۆر قوتابی بەشداری تاقیکردنەوەکانیان کردوە کە دابەشی سەر هەردوو کەرتی میری و تایبەت بوون، وە هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەدا سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو بەشەکان خرانە ڕوو، کە چەندین کوڕ و کچی لاوی زیرەک بەرهەمی ئەو ڕەنجەی خۆیان بینی کە چەندین ساڵە وە بەتایبەتی لە پۆلی 12 کێشاویانە.
ئەوەی لێرە جێگەی هەڵوەستە لەسەر کردن و دڵخۆشی بوو کە بەڕێز وەزیری پەروەردە زۆر بە ڕاشکاوی و بە شانازییەوە باسی کرد، سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی هەموو بەشەکانی ئەم قۆناغە بەشی هەرە زۆریان لە قوتابخانە حکومیەکان بوون، کە ئەمەش جێگەی دڵخۆشیە ، سەرەڕایی هەموو ئەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێم و بەتایبەت کەرتی پەروەردەی گرتبوو ، لەگەڵ بوونی تەوژمێکی یەکجار بەهێزی بێبەهاکردنی کەرتی حکومی لەم بوارەدا، بەڵام مامۆستا بەڕێزەکان هەموو گرفت و قەیرانەکانیان وەلانا تەرکیزیان خستەسەر ئەو ئەمانەتەی (قوتابیانەی) کە لەبەر دەستیان بوو چونکەی داهاتووی ئەوان ئامانجی مامۆستایانە، وە بە باشترین شێوە ئامادەکاریان کرد بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی قوتابیان ( کە ئەم قۆناغە بڕیار لەسەر هەموو ژیانی قوتابی دەدات، ئەمەش جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە), خۆشبەختانە مامۆستا و قوتابیە بەڕێزەکان بەرهەمەکەیان بینی کە ئەو ڕێژە زۆرە لە نمرە هەرە بەرزەکان لە قوتابخانە حکومیەکان بوون. ئەمە بوە وڵامێک بۆ ئەوانەی بە داخەوە چەند ساڵێکە بوون بە سەرمەشقی ئەو تەوژمە بەهێزەی کە بە ئاراستەی گۆڕینی هزری هاووڵاتیانی کوردستانی بەرەو قوتابخانەی تایبەت هەنگاوی دەنا!هەوڵ و کۆششێکی یەکجار زۆر درا بۆ بێ بەهاکردنی خوێندی حکومی! بۆیە هاووڵاتیان لە سۆنگەی خەمخۆریان بۆ داهاتووی ڕۆڵەکانیان مناڵەکانیان لە خوێندگە حکومیەکان دەگواستەوە بۆ خوێندگە ئەهلییەکان (تایبەتەکان) تا دەهات ئەم پڕۆسەیە زەقتر و بەربڵاوتر دەبوو، لە هەندێک حاڵەتدا ئەگەر کەسێک یان خانەوادەیەک منداڵەکانیان لە خوێندنگە حکومیەکان دەوامی بکردبا هەستیان بە شەرمەزاری و کێماسی دەکرد! بەڵام دەرئەنجامەکانی ئەمسالیش وەک ساڵانی پێشوتر سەڵماندیان ئەم تەوژم و بیرکرنەوەیە نەک تەنها هەلەبوو بەڵکو خەڵکێکی زۆرییشی بەهەڵەدابرد! ئەوەی مەبەستی سەرەکی بابەتەکەیە بە هیچ شێویەک دژی ئەو ڕەوتە نیە کە بڕوایان بەوە هەیە کەرتی تایبەت شانبەشانی کەرتی حکومی خزمەتی بواری پەروەردەی کردوە، هەر لە ڕەخساندنی چەندین هەلی کار وە سوککردنی باری قورسی سەر قوتابخانە حکومیەکان، بەڵام ڕەنگە نەبوونی چاودێرییەکی بەهێز لەسەر قوتابخانە ناحکومیەکان ئەم دەرئەنجامانەی لێکەوتبێتەوە.لە کۆتایدا پرسیار ئەوەیە دوای ئەم ئەنجامانە کۆچی پێچەوانە دەست پێدەکات, لە قوتابخانە ئەهلییەکان (تایبەتەکان) بەرەو قوتابخانە حکومییەکان؟ئایا خەرجکردنی پارەیەکی زۆر لە قوتابخانە ئەهلییەکان( تایبەتەکان) داهاتوو بۆ ڕۆڵەکانمان مسۆگەردەکات؟