پێشەنگ موسا دۆڵەمەری – سۆران:
ئیدارەی سۆران خاوەن چەندین رووبار و كانیاو و ناوچەی گەشتیاری دڵڕفێنە، ساڵانە لە ناوچە جیا جیاكانی عێراق و شارەكانی كوردستان روو لەو دەڤەرە دەكەن، بەهۆی نەشارەزای و نەزانینی مەلەوانی چەند رووداوێكی خنكان لە رووبارەكانی ئەو دەڤەرە تۆماركراون، بەرپرسێكی بەرگری شارستانی سۆرانش، نایشارێتەوە، ئەمساڵ چەند رووداوێكی گیان لە دەستدان لە رووبارەكان تۆمار كراوە و دەڵێت، لەو شوێنانەی كە سەردانی كردن و مەلەكردنی تێدا مەترسیدارە، بە مەبەستی پاراستی ژیانی هاووڵاتییان، تابلۆ و ڕێنمایی تایبەتمان داناوە.
رائد رەوەند هاودیانی، گووتەبێژی بەرگری شارستانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە دەسپێكی وەرزی هاوین، وەك بەرگری شارستانی سۆران هەموو هەولێكمان خستۆتەگەڕ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی ڕووداوەكانی خنكان و ئاگر كەوتنەوە لەم سنورە و تەواوی ئامادەكاریمان كردووە، تیمەكانمان بەشێوەی بیست و چوار كاتژمێی لە حاڵەتی ئامادە باشیدان.
گووتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، ئاشكراشی كرد:” هەوڵمان داوە لە ڕێگەی كۆڕ و سیمینار و كۆنفرانس و كەناڵەكانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا و زانكۆ و قوتابخانەكان، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی گەشتوگوزار ڕێنمایی بدەین بەو گەشتیارانەی روو لە رووبار و شوێنە گەشتیاریەكانی سنوورەكەمان دەكەن، بۆ زیاتر هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان لە رووداوەكانی خنكان، لە هەمان كات، لەو شوێنانەی كە سەردانی كردنی گەشتیاران و مەلەكردنی تێدا مەترسیدارە، تابلۆ و ڕێنمایی تایبەتمان داناوە، بە مەبەستی پاراستی ژیانی هاووڵاتییان، پێویستە پێوەی پابەند بن.
ئەو بەرپرسەی بەرگری شارستانی، ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و گەرما، ڕووداوەكانی ئاگر كەوتنەوە زیاتردەبن، بەهۆی فڕێدانی جگارە و هێشتنەوەی پاشماوەی سوتێنراوی هاووڵاتیییان ئاگركەوتنەوە دروست دەبێت، ئەمەش بەهۆی پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بەڕێنماییەكان، داوا لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندی ڕێنماییەكانمانبن و لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو ئاگادارمان بكەنەوە و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی بتوانین كۆنترۆلی ڕووداوەكان بكەین و ژیان و سەر و ماڵی هاووڵاتییان بپارێزین” .
بەپێی ئەو ئامارەی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سۆران بە زاری كرمانجی دراوە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، سێ ڕووداوی خنكان لە سنوری ئیدارەی سۆران هەبووە، بەداخەوە بەو هۆیەوە چوار هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە كە پێكهاتبوون لە ئافرەتێك و دوو برا و مێرمندالێكی بە ڕەگەز عەرەب”.