مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
لە هەڵمەتێکدا هێزەکانی پۆلیسی کەرکووک دەستیان بەسەر تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی دا گرت کە 24 کرێکاری بەنگلادیشی لە نێو دابوون.
موقەدەم عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند : “لە بازگەی شەهید، هێزەکانمان دەستیان بەسەر تانکەرێکدا گرت کە شۆفێرەکەی هەوڵی داوە بە قاچاخ ژمارەیەک کرێکاری بەنگلادیشی بگوازێتەوە بەرەو شاری تکریت، لە کاتێکدا ڕەزامەندیی نشینگە و مۆڵەتی فەرمییان نەبووە.”
شوانی لەبارەی کرێکارەکانەوە دەڵێ : “هیچ یەکێک لە کرێکارەکان داواکراو نەبوون، تەنیا شێوازی گواستنەوەکەیان نایاساییە و دوای دەستبەسەرداگرتنی تانکەرەکە، پشکنین بۆ کرێکارەکان کرا و دەرکەوت دۆخی تەندروستییان باشە.”