کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوای هاوکاری لە گەل دەکات
مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ناوەندی کولتووری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان(KMMK) له ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی نیشتمانی بۆ گەڕانەوەی ناوی ڕاستەقینەی شار و گوند و دۆڵ و کانیاو چیا و هەموو ئەو شوێنانەی کوردستان، کە لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە ناوە ڕاستەقینەکەیان لێ زەوتکراوە و ناوی تریان بۆ داتاشیوە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە هەر بەشێکی کوردستان بن هاوکاریی پرۆژەکە بکەن و بە ئەرکی کوردینی خۆیان هەڵبستن.
ئەمەی خوارەوە دەقی ڕاگەیاندنەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانە:
هاونیشتمانییانی ئازیز، ئێمە وەکوو کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لە ژێر ناوی پرۆژەیەکدا، دەمانەوێت ناوی هەموو ئەو شار، گوند و کانیاو و کەژ و کێوانەی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان گۆڕیونی، نۆژەن بکەینەوە و بیهێنینەوە سەر ناوە ڕاستەقینەکەی خۆی.
چون دەزانین گەلی ئێمە بە تێکڕای تایبەتمەندییەکانییەوە لەبەردەم جینۆساید و سڕینەوە و حاشا لێکردنە و دەیانەوێت بەو تەرزە دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن و ئەو شێوەی ئەوان دەیانەوێت بیر بکەینەوە و هەموو مێژوو و کولتوور و ئەفسانە و ئوستوورەکانیشمان بگۆڕن و تایبەتمەندی گەل بوونمان لێ وەربگرنەوە.
هەر بۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانەکانیان پشتگیری و یارمەتی هەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی کوردستان پێویستە و داواکارین هەر کەس لە دەڤەر و شوێنی ژیانی خۆیەوە ناوی ساختە و ڕاستەقینەی گوند و کانیاو چیاکان بنووسێت و بۆمانی بنێرێت, هەر وەها بۆ ئەم مەبەستە داواکارین لە شارەزایانی بواری مێژووی کوردستان، مامۆستایانی زمانەوانی، پسپۆڕانی جوگرافیا، هەر کامە و بە پێی دەرفەت و توانا یارمەتیدەرمان بن.
لە بەردەوامی ئەم پرۆژە نیشتمانییەدا و بۆ چەسپاندنی بەڵگە و دۆکیۆمێنتی سەردەمیانە بەسەر نەخشەی نیشتمانماندا و گەڕانەوەی ئەو بەها نەتەوەییانەی لێمان دزراو و زەوت کراوە، پێویستە هەموو بە ئەرکی نەتەوەییمان هەستین و دەست بدەینە دەستی یەک و بە پشت بەستن بە بناغەی دەوڵەمەندی کولتووری و مێژوویی کوردستان، پێگە و لق و پۆپەکانی کولتووری داگیرکەر لەسەر جەستەی نیشتمان بسڕینەوە و سەردەمێکی نوێ لە کوردستان دژ بە داگیرکەری تۆمار بکەین.
دواتر هەر کەسیش ویستی دەتوانین لە ویکیپیدیایەکدا کە دواتر دەخرێتە بەردەستان ناو و ئاستی خزمەتەکانی چاپ بکەین.
یارمەتیدەرمان بن بۆ ژیانەوەی کوردستانێکی ڕەنگین و پارێزراو.
ناوەندی کولتووری KMMK