موڕشید برادۆستی – سۆران:
بەڕێوەبەری كارگێڕی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەسەر بوددجەی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە گوژمەی 13 ملیار دینار چوار پرۆژەی كارەبای بە بەهای نزیكەی 13 ملیار دینار لە لایەن كۆمپانیای هێرۆوە جێبەجێ دەكرێت.
وەفا سەعید خان، ئاشكراشی كرد:” لە قۆناغی یەكەمدا پڕۆژەی كارەبا چووەتە واری جێبەجێ كردن، كە پێكهاتووە لە بونیادنانی هێڵی 132 كەی ڤیی سۆران2 – چۆمان بە درێژایی 45 كیلۆمەتر، پڕۆژەكانی دیكەش كە پێكهاتوون لە بونیادنانی هێلی 33 كەی ڤیی چۆمان – حاجی ئۆمەران بە درێژایی 20 كیلۆمەتر، هەروەها – دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 132/33 كەی ڤیی چۆمان بە قەبارەی 45MVA و دابینكردنی وێستگەی مۆبایلی 33/11 كەی ڤیی حاجی ئۆمەران بە قەبارەی 25MVA، لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ دەكرێن.
گووتیشی:” ماوەی چەند ساڵێكە حاجی ئۆمەران كارەبای لە وڵاتی ئێران وەرگرتووە و بێبەش بوو لە كارەبای نیشتیمانی كوردستان، دووای تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیە دانیشتوانانی ئەو ناحیە سودمەندەبن لە كارەبای نیشتیمانی كوردستان و كێشەی كەمی نزمبوونەوەی ڤۆڵتیەی كارەبا لە سنووری قەزای چۆمان بە گشتی چارەسەر دەبێت”.