موڕشید برادۆستی – سیدەکان:
چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، پڕۆژەی دروست کردنی باڵەخانەی بانکی سیدەکان بەردی بناغەی دانرا، بەهۆی قەیرانی دارایی کارەکانی ڕاگیرا، ئەمە لە کاتێکدایە نوسینگەی بانکی ناوچەکە هەزار موچەخۆری هەیە، قایمقامی سیدەکانیش، دەڵێت:” ڕەزامەندی تەواو کردنی باڵەخانەکە دەرچووە.
خورشید کەورینی بەرپرسی نوسینگەی بانکی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری نوسینگەکەمان نزیکەی هەزار موچە خۆرمان هەیە کە بەسەر پێشمەرگەی لیواکان، خانەنشینی سەربازی و خانەنشینی مەدەنی دابەش بوونە.
زیاتر گووتی:” ئێستا شوێنی نوسینگەی بانکمان زۆر بچووکە و لە نێو باڵەخانەی شارەوانی سیدەکانداین، ئەگەر ئەو باڵەخانەیە تەواو بکرێت، ئاسانکاری بۆ ئێمە و تەنانەت بۆ موچە خۆرانیش دروست دەبێت، لە هەمان کات ناونیشانی نوسینگەکەمان بۆ لقی بانکی سیدەکان دەگۆڕدرێت.
لای خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی قایمقامی قەزای سیدەکان بە وەکالەت، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بەردی بناغەی پڕۆژەی باڵەخانەی بانکی سیدەکان دانراوە، تەنانەت 10%ی کارەکانیشی تەواو کران، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی پڕۆژەکە وەستا .
قایمقامی قەزای سیدەکان، دەڵێت:” جارێکی دیکە ڕەزامەندی دروست کردن و تەواو کردنی پڕۆژەی بانکی سیدەکان بە گوژمەی ” 978 ” ملیۆن دینار وەرگیراوە، دراوەتە کۆمپانیا و لە ماوەیەکی نزکیدا دووبارە بەردی بناغەی لە سەنتەری قەزا دادەندرێتەوە و پڕۆژەکە لە ماوەی دیاری کراوی خۆیدا تەواو دەکرێت.