بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند ” رۆژی دووشەممە 3/7/2023، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و ئەنجامدانی بەدواداچوون لە لایەن هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی (هەواڵگریی فەرماندەی زێڕەڤانی)، دوای وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، لە گەڕەكی (لاوان) لەناو شاری هەولێر، توانیمان دەست بەسەر کۆگایەکی بێ مۆڵەتی (چەک و کردنەوەی چەک)دا بگرین.”
ئاماژە بەوەدراوە “لە کاتی پشکنین بۆ ئەم کۆگایە، دەست بەسەر دەیان پارچە چەکی جۆراوجۆردا گیرا كە چەكەكان لە جۆری (کلاشینکۆف، دەمانچە، M4، قەناس و بی كەی سی) بوون، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری (فیشەک) و سەدان پارچەی یەدەگی چەک و چەند ئامێرێکی تایبەتیی تۆڕنەکردن و لێدان و گۆڕینی ژمارەی چەک و چەندین پارچەی جۆراوجۆری کەلوپەلی سەربازی، کە بە شێوەی نایاسایی مامەڵەی پێوە دەکرا.”
زیاتر روونكراوەتەوە “هاوكات خاوەنی كۆگاكە بە ناوی (ڕ، ع، ج) دەستگیر کرا و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.”