زاری كرمانجی – سۆران :
رێكخراوی هیومن رایتس ۆچ، داوا لە كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات لێكۆڵینەوەیەكی روون لە بارەی گیان سپاردنی مەهسا ئەمینی بكات، كە لە ناو كورددا بە ژینا ناسراوە.
لە بەیاننامەیەكدا، رێكخراوەی ناوبراو رایگەیاندووە:” مردنی ئەو كچە دوای دەستگیركردنی لەسەر پۆشینی جلوبەرگی بەڵگەیە لەسەر داڕمانێكی ئابڕووبەر”.
ئەوەش دەڵێ : ” پێویستە لێكۆڵینەوەیەكی شەفاف بكرێت و ئەوانەی بەرپرسیارن لە مردنی مەهسا رووبەڕووی سزا بكرێنەوە و قەرەبووی بنەماڵەكەی بكرێتەوە”.
هەر لە درێژەی راگەیاندراوەكەی هیومان رایتس ۆچ هاتووە :” پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران یاسای سەپاندنی باڵاپۆشی دەستبەجێ هەڵبوەشێننەوە، چاكسازی لە یاساكانی دیكەدا بكەن، یاخود هەڵیانبوەشێننەوە، بە تایبەتی ئەوانەی رێگرن لەوەی ژنان سەربەخۆیی و مافەكانیان بە دەست بهێنن. ئەگەر ئەوە بكرێت، دەكرێت بوترێت پێشكەوتنێك لە رووی زاڵبوون بەسەر جیاكاری و توندوتیژی و مەرگ بەدەستهاتووە، كە نیوەی كۆمەڵگەی ئێرانی لە دەوڵەتێكی داپڵۆسێنەر بە دەستییەوە دەناڵێنن.”