زاری کرمانجی – سۆران :
دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بیانووی جیاواز بەردەوامی داوە بە لەسێدارەدانی بەندکراوان و چاودێرانی سیاسیی وڵاتەکەش، هێما بۆ ئەوە دەکەن کە شۆڕشی ژینا ئەمینی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی ترساندووە، هەر لەبەر ئەوەش پرۆسەی لەسێدارەدانی بەندکراوانی خێرا تر کردووە بە مەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران تەنیا لە ماوەی مانگی حوزەیران 52 بەندکراوی لە سێدارە داوە.
چاودێرانی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاشکرای دەکەن، گەنجانی کورد و بەلووچی زۆرترین قوربانییەکانی سێدارەن.
لە نێو سێدارەدراوانی مانگی ڕابردوو، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، 14 کەسیان بەلووچی و 5 ی تریشیان کورد بوونە.
هاوکات لە مانگی ئایاردا، دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئێران 142 بەندکراوی لە سێدارە داوە کە 22 بەندکراویان کورد و 31 ی تریشی بەلووچی بوون. واتە تەنیا لە ماوەی دوو مانگ 194 بەندکراو لە ئێران سێدارە دراون .
































































