مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر:
یادگای نیشتمانی بارزان، لە ١٤- ٥- ٢٠٢٣ بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە دەڤەری بارزان کرایەوە، ئامانج لەوە هۆشیارکردنەوەی هەموو لایەکە سەبارەت بەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بە چیدا رۆیشتووە و چۆن گەیشتۆتە ئەم رۆژەی ئێستا، هەروەها بەبیرهێنانەوەیەکە بۆ نەوەکانی کوردستان سەبارەت بەوەی باب و باپیرانیان چۆن بە نەخۆشی و ئازاردا تێپەڕیون بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی ئەوان.
بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، بۆ زاری کرمانجی، گوتی:” کردنەوەی یادگەی نیشتمانی کارێکی گرنگ بوو لە دەڤەری بارزان، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گەشتیارانەی کە دێنە بارزان و مەزاری نەمران، دەتوانن روو لە مۆزەخانە و یادگەی نیشتمانی بارزان بکەن و ئەو کەلوپەلانە ببینن کە بەکارهێنراون لە کۆندا.
سۆران ئەمیر، بەرپرسی فەرمانگەی شوێنەواری مێرگەسۆر، گوتیشی: کاتێک خەڵک سەردانی دەڤەری بارزان دەکەن، بۆ ئێمەش وەکو شوێنەوار گرینگە و هەبوونی دێر و کەنیسە و مزگەوت، هۆکارن بۆ پیشاندانی پێکەوە ژیان لە دەڤەری بارزان، بۆیە لە هەوڵ داین ئەم شوێنانە بکەین بە سایتێکی گرینگی شوێنەواری، بەو پێیەی بارزان مەڵبەندی پێکەوە ژیانە.