شەهلا رەشید- سۆران:
تیشكی خۆر سەرەڕای ئەوەی سوودی زۆری هەیە هەم بۆ مندڵەكان و هەمیش بۆ گەورەكان، بەڵام پێویستە دایك بزانێت چۆن و لە چ كاتێكدا منداڵەكەی بخاتە بەر تیشكی خۆر بۆ ئەوەی لێی سوودمەند بێت.
د. محەمەد حەسەن، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” تیشكی خۆر بۆ هەندێ كات گرنگیەكی زۆری هەیە و پێویستە منداڵ دوای تەمەنی 6 مانگی رۆژ نا رۆژێك 5 بۆ 15 خولەك بخرێتە بەر تیشكی خۆر، بۆ دروستكردنی ڤیتامین D و توانا و هێز بەخشین بە جەستە و پێستیان، بەڵام بەهۆی گەرمی بەهێزیەوە تایبەت لە وەرزی هاویناندا نەك مەترسی تەنها لەسەر منداڵ بەڵكو لەسەر بە تەمەنەكانیش دروست دەكات، وەرزی هاوینان كە تیشكی خۆر زۆر بەهێزە نیوەڕۆ لە كاتژمێر 1 بۆ 4ی ئێوارە رێژەی بەرزییەكەی وا دەكات منداڵەكە رووبەڕووی مەترسیی زۆر ببێتەوە، چەند نیشانەیەكیش لێی دردەكەوێت وەك بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە، پێستی گەرم و جارجاریش سارد دەبێتەوە، سەرسوڕان و بێ تاقەتی هەندێكجاریش لەهۆشخۆ چوون، سەر ئێشە و ئارەقكردن، گەشەنەكردن و رشانەوە…هتد.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” ئەگەر بەركەوتنەكە ئێجگار زۆربوو منداڵەكە رووبەڕووی مەترسی زیاتر دەبێتەوە، بۆ نموونە لەو كاتانەدا كە پلەی گەرمی دەگاتە سەرووی 40 ئەمەش زۆر مەترسیدارە و منداڵەكە لەوانەیە ئارەقكردن و توانای وشە دەربڕینی نەمێنێت، پێستی سوور دەبێتەوە و بە تەواوی وشك دەبێتەوە، هەروەها تووشی سكچوون و رشانەوە، خێرا لێدانی دڵ، زیادبوونی هەناسە و زۆر شتی دیكە دەبێتەوە، بۆیە پێویستە منداڵ بە بەركەوتنی تیشكی خۆری بەهێز بپارێزرێت، جگە لەمەش بەركەوتنی تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە هۆی مەترسی گەورە لەسەر پێستی منداڵ یاخود تووشبوونی شێرپەنجەی پێست.