د. ئازا – زاری کرمانجی:
زۆر گرنگە کە ڕاهێنەرانی گشت یارییەکان بەشداری بکەن لە خول و سمینارە وەرزشیەکان، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پێشکەوتن و بەردەوام نوێبوونەوەی زانیاری و بەرەو پێشچوونی هزر و عەقڵیەتی ڕاهێنەران لە ڕووی ڕاهێنانی وەرزشی، بەڕێوەبردنی وەرزشی، دەروونزانی وەرزشی، فسیۆلۆژیای وەرزشی، یان زیاتر شارەزابوون لە یاساو ڕێسا وەرزشیەکان و زانستی وەرزشی بە گشتی.
لە ماوەی ڕابردوو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، م. هیوا عەبدوڵڵا حسێن ڕاهێنەری تیپی تۆپی پێ ی فوتساڵی کچان لە یانەی وەرزشی ڕواندز، بەشداری کرد لە خولی پەرەپێدانی مەشق و ڕاهێنانی وەرزشی لە یاری فوتساڵی کچان لە وڵاتی فەڕەنسا بۆ ماوەی شەش ڕۆژ، ئەم خولە ڕێکخرابوو بە هەماهەنگی لەگەل یەکێتی تۆپی پێ عێڕاق و بەرێوەبەرایەتی وەرزشی هەولێر.
لەم خولە ژمارەیەکی زۆر لە ڕاهێنەر و یاریزان تیایدا بەشداربوون، کە لەسەر بنەمای ئەنجامی باش و بەرزی ئاستی ڕاهێنەر و یاریزانان لە خولی نایابی کوردستان و عێڕاق هەڵبژێردرابوون.
لە دیمانەیەکی دا لەگەڵ زاری کرمانجی م. هیوا گوتی: بەشداریکردنم لەم خولە لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی سوود وەرگرتن بوو لە وانەکانی تیۆری و پڕاکتیکی کە لەسەر دەستی چەند مامۆستایەکی وانەبێژی لێهاتوو و شارەزا وانەکان پێشکەش دەکران و ئەو مامۆستایانە لە ڕابردوو ڕاهێنەرایەتی چەندین یاریزانی ئەستێرەی بەناوبانگیان کردبوو، بۆ ئێمە دەرفەت بوو بە وەرگرتنی ئەزموونی چاک و ئاشنا بوون بە زانستی پێشکەوتووی وەرزشی، بێگومان بەشداریکردنمان لەم خولە بەهێز و بەسوودە کاریگەری زۆری ئەبێ لەسەر خودی ئێمەی ڕاهێنەر بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوو پەرەی زیاتر بە بوارەکەمان بدەین بە تایبەت لە ڕووی ڕاهێنانی وەرزشی و چۆنیەتی مامەڵەکردن لە گەڵ بارودۆخی یارییەکان.
م. هیوا دەشڵێت: ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت و ئاوڕێکی جدی لە یاریزانانی کچ نەدرێتەوە و پاڵپشتی نەکرێن یاری فوتساڵی کچان لەم سنوورە بە ڕادەیەکی زۆر ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و لاوازی دەچێت، و جێگای سەرنجە یانەکان لە سنووری ئیدارەی سۆران وەک پێویست نەیانتوانیوە بایەخ بە یارییە وەرزشیەکانی کچان بدەن، ئەمەش بە دڵنیاییەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر پێشنەکەوتنی یاریزان و تیپە وەرزشیەکانی کچان.
ئەم ڕاهێنەرە لە کۆتایی قسەکانیدا پێشنیار دەکات و پێ وایە چەند فاکتەرێکی کاریگەر و پێکەوە بەستراو هەن ئەگەر لایەنی پەیوەندیدار کاری لەسەر بکات لە پێناو پێشکەوتنی یاریزان و یارییە وەرزشیەکانی کچان لەم ناوچەیە کە ئەوانیش بریتین لە: پاڵپشتی دارایی بۆ یانەکان، کارکردن لەسەر باشترکردنی ژێرخانی وەرزش، سوود وەرگرتن لە دامەزراوەی ئەکادیمی و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، هاندانی لاوان بۆ ئەنجامدانی وەرزش، دروستکردنی ئەکادیمیای یاریە وەرزشیەکان، بایەخدان بەوانەی وەرزشی لە قوتابخانەکان، کردنەوەی خول و پاڵەوانیەتی زیاتر، ئەمانە و چەندین هۆکاری تر وادەکات کە یاریزان و ڕاهێنەر و ناوبژیوان و تیپی وەرزشی زیاتر بەرهەم بێت، بە دڵنیاییەوە لاوانی کچی ئەم سنوورە لە توانای جەستییەوە زۆر بەهێز و لێهاتوون پێویستە هەموومان کاربکەین پێکەوە بۆ خزمەتکردن و دەرخستنی کارامەیی و بەهرەکانیان لە وەرزش.