د. كامەران رەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك دەڵێت”رێجیم راستەوخۆ نابێتە هۆی ئازاری گەددە، بەڵام ئەو گۆڕانكارییانەی لە سیستمی خۆراكی دا روودەدات دەبێتە هۆی ئازار و ناڕەحەتی گەددە بۆ نموونە دڵەكزێ و بە زەحمەت هەرسكردنی خۆراك، بە هۆی گۆڕینی جۆر و بڕی خواردن لە كاتی رێجیم دا، ئەگەر بڕێكی زیاتر لە كاتی ئاسایی ماددە پڕۆتینەكان بخورێت ئەنزیمەكانی ناو گەددە فریا ناكەون بە جوانی هەرسی بكەن ئەمەش دەبێتە هۆی كۆبۆنەوەی خواردن لە گەددە و ئاوسانی، تێكچوونی كۆئەندامی هەرس بە هۆی نان خواردنی بە پەلە یان خواردنی ئەو خۆراكانەی بڕێكی زۆر بەهارات و بیبەری توندیان تێدایە.
ئەم پزیشكە دەشڵێت ” ئازاری گەددە بەهۆی كەم خواردنی ماددە ریشاڵییەكان دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی پڕۆسەی هەرس كردن، قەبزی، غازاتی زۆر و دواتر ئازاری گەددە، هەندێ جاریش خواردنی بڕی زۆری ماددە ریشاڵییەكان لە پڕ لەو كەسانەی پێشتر نەیان خواردووە دەبێتە هۆی ئاوسانی گەددە و ریخۆڵەكان، هەروەها هەستیاری بە خۆراك یان پێكهاتوویەكی ناوی و گۆڕێنی كاتی ژەمەكان، نەخواردنی ژەمێك یان زیاتر لەو كەسانەی رێجیمی رۆژووی پچڕپچڕ دەكەن یاخود رێجیمی نازاستی و زۆر قورس بە هۆی برسیەتیەوە.