سۆران سرێشمەیی – خەلیفان :
كەم كەس هەیە لە ناوچەكە نەیناسێت و هۆگری دیداری نەبێت، ئەو رۆژانە لەگەڵ دەركەوتنی تیشكە زێرینەكانی خۆر، دەچێتە ژووانی شەپۆڵەكانی زێی گەورە و تا دەرنگانی ئێوارە و ئاوا بوونی خۆر لە قەد پاڵی چیاكان لە نێو ئاو دەمینێتەوە، هەر كاتێ تاریكایی باڵ بەسەر زەوی دا دەكێشێت، ئەویش هێدی هێدی بەرەو هەواری گوند و ماڵە تەنیا و چۆلەكەی رێ دەكات.
ئیسماعیل نەبی لە دایكبووی ساڵی 1973 ی گوندی خەلانە لە ناحیەی خەلیفان، هەروەكو خەڵكی ناوچەكە باسی دەكەن نیوەی تەمەنی لە نێو ئاودا بردۆتە سەر.
ئیسماعیل لە هەڤپەیڤینێكی زاری كرمانجی باس لە عاشقبوونی خۆی بۆ ئاو و چەم و كانیاوەكان دەكات و دەڵێ:” لە منداڵییەوە شەیدای ڕووبار و شەپۆلەكانم هەموو خەڵكی ناوچەكە دەمناسێت، چونكە نزیكەی ٣٥ ساڵە لە سەرەتای مانگی نیسان تا كۆتایی مانگی ئۆكتۆبەر هەموو رۆژێك تا ئێوارە سەر لە ڕووبار دەخەم و سواری شەپۆلەكان دەبم و خۆم نوقمی گۆماوەكانی ئاوەكە دەكەم و دەتوانم بۆ ماوەیەكی زۆر و بە درێژایی چەند كیلۆمەترێك بەنێو ئاودا بڕۆم.” ئەو بە دڵێكی خۆشەوە دەڵێ:” خەڵكی ناوچەكە زۆر هاوكاریم دەكەن، بەڵام لەوانە نیگەرانم كە لە بە ناكام بانگم دەكەن، راستە هەژاری و بێ كەسی تا رادەیەكی كەم تووشی نەخۆشی دەروونیی كردووم، بەڵام من شێت نیم و تا ئێستا زیانم بۆ مێروولەیەكیش نەبووە، بە پێچەوانەوە هاوكاری زۆربەی ئەوانەم كردووە كە لەو رووبار سەرقاڵی كار بوونە، یانیش لە كاتی خنكانی كەسێك هاوكاری كەس و كارەكەیم كردووە بۆ دەرهێنانی تەرمی خنكاوەكە، ئەمە شێت دەیكات ؟.”
ئیسماعیل كە بە پیاوە ئاوییەكە ناسراوە دەردە دڵی خۆی بۆ زاری كرمانجی باس دەكات و سووكە گلەیەكیش لە چاودێری كۆمەڵایەتی دەكات و دەڵێ:” بارودۆخی ژیانم زۆر خراپە، خەڵكی گوند و دراوسێیەكان بە خێری خۆیان دەمژیێنن، پێشتر مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتیم هەبوو، بەڵام ماوەیەكە بڕاوە و چەند جارێكیش لە رێگەی جیاوازەوە هەوڵم داوە و دیارە دەنگم نەگەیشتووە، بۆیە لە ڕێگەی زاری كرمانجی داوا دەكەم مووچەكەم بۆ بگەڕێتەوە، تا بتوانم كاروباری ژیانی خۆمی پێ بەرێ بكەم و چیتر نەبم بە بار بەسەر خەڵكی گوند و دراوسێكانەوە.”