د. ئازا – زاری کرمانجی:
مرۆڤ هەر لە کۆنەوە لە ڕووبار و دەریاچەکان مەلەوانی کردووە و سوودی لە وەرزشی مەلەوانی بینیوە و بەکاری هێناوە بۆ تەندروست باشی و زۆر مەبەستی تر.
بێگومان تاکی کوردیش لەم سەردەمەی ئێستاماندا زۆر حەز بە وەرزشی مەلەوانی دەکات بە تایبەت لە وەرزی هاوین خەڵکێکی زۆر ڕوو لە ئەنجامدانی ئەم وەرزشە دەکات لە ڕووبار و مەلەوانگەکان، بەڵام سەرەڕای چێژ و خۆشی و سوودە لەبن نەهاتووەکانی ئەم وەرزشە، کەچی لە هەندێ حاڵەت مەترسی و زیانی هەیە، بۆیە باشتر وایە بە وشیاری و ئاگایی زۆرەوە مەلەوانی ئەنجام بدەین چ لە ڕووبار بێت یان لە مەلەوانگەکان، بۆیە بە شێوەیەکی کورت و پوخت باس لە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی (ڕووبار و مەلەوانگەکان) دەکەین لە کاتی مەلەوانی:
لایەنی باش و ئەرێنی مەلەکردن لە ڕووبار و دەریاچەکان:
مەلەکردن لە ڕووبار و دەریاچە خاوێنەکان وەرزشێکی باشە بۆ تەندروستی مرۆڤ، کە دەبێتە هۆی زۆر سوتاندنی کالۆری و هەروەها فاکتەرێکی ئەرێنیە کە لە ڕێگەیەوە مرۆڤ دەتوانێت چێژ و وزە وەربگرێت لە خۆر و سروشت و هەوای پاک، و لە هەمانکاتدا وەرزشی مەلەوانی دەتوانێت یارمەتی مرۆڤ بدات لە کەمکردنەوەی فشار و پاڵەپەستۆی دەروونی، چونکە لە کاتی مەلەوانی مەلەوان هەست بە ئارامی و دڵخۆشی دەکات، و زۆربەی جار چوون بۆ مەلەوانی لە ڕووبارەکان لەگەڵ هاوڕێ بێت یان گەڵ خێزان و فامیلی چێژ و خۆشی تایبەت بە خۆی هەیە و هەروەها لە ئێستادا زۆر ڕووبار و دەریاچە لە کوردستان بوون بە شوێنی توریزم و گەشتیاری جوان و ساڵانە گەشتیاری زۆر ڕووی لێدەکات و زۆر خەڵک دەتوانن لە ڕێگەیەوە سوودی مادی لێ ببینن و لە ڕووی وەبەرهێنانی گەشتیاریەوە بە شێوەیەکی گشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان کەڵکی لێ وەردەگرێت.
بەڵام جگە لە لایەنە باشەکانی مەلەکردن لە ڕووبارو و دەریاچەکان، لە گەڵ ئەوەشدا ڕووبارەکان بە دوور نین لە لایەنی نەرێنی و مەترسی و ئاستەنگ و سەرکێشی خەراب، بۆیە مەلەوانەکان لە کاتی مەلەکردن لە ڕووبار هەندێ جار ڕووبەڕووی مەترسی لێشاو و تەوژم و شەپۆلەکان دەبنەوە و جگە لەمەش لەوانەیە لە هەندێ شوێن بەکتریای خەراب و زیان بەخش لە ناو ئاودا هەبێت، بۆیە دەکرێت بڵێین هەندێک جار لە کاتی مەلەکردن لە ئاوەکانی ڕووبار و دەریاچەکان مەترسی جیاواز و هەمەجۆر ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، بۆ نموونە هەندێ کات ئاوی ژەهراوی کارگەکان تێکەڵ بە ڕووبار و کانیاوەکان دەبێت بۆیە ئەگەر سەرەنج بدەین لە هەندێ دۆخدا ئاوی ڕووبار بەردەوام لە گۆڕاندایە چ لە ڕەنگی یان لە تامی ئاوەکە، ئەمە بەو مانایە دێت کە مادە کیمیاییەکان لە کێڵگە و ناوچە پیشەسازییەکانی نزیک رووبارەکانەوە دەچنە ناو ئاوەکە، و جگە لەمەش دەکرێت ئاژەڵەکان ئاوی ڕووبارەکان پیس بکەن، و لە هەندێک ناوچەدا لەوانەیە هۆکاری سەرەکی پیس بوونی ئاو خودی مرۆڤ بێت بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان.
و کێشەی گەورە لە ڕووبارەکان کاتێک پیس دەبێت بە ژەهری کیمیایی لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی ئاگادارکردنەوەی نەبێت و درکی پێ نەکەین لە مەترسی پیس بوون و ژهراوی بوونی، بۆیە هەندێ جار مەلەوانەکان ناتوانن بە ئاسانی هەست بە پیس بوونی ئاوی ڕووبارەکان بکەن.
جگە لەم مەترسیانەی کە مرۆڤ هۆکار بوون بۆ پیس بوونی ڕووبارەکان هەروەها مەترسی سروشتی هەیە لە پیس بوونی ڕووبارەکان بەتایبەتی لە هاویندا بە گوڵی (بە ئینگلیزی: Bluish-green algae) جۆرێکە لە بەکتریا کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ژینگەی ئاوە وەستاوەکان زیاتر دەدۆزرێتەوە و دەڕوێت کە ئەمانە دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی ژەهرەکان کە زیان بە مرۆڤ و ئاژەڵەکان دەگەیەنێت لە ڕووی تەندروستیەوە و مەلەکردن و خواردنەوەی ئاو لەم شوێنانە دەبێتە هۆی هەڵامەت و سووربوونەوەی چاوەکان و درەنگ هەرسکردن و تا و ئازاری ماسولکە و جومگەکان، هەروەها سکچوون باوترین نەخۆشییە کە لە مەلەکردن لە ئاوی ڕووبارە پیسەکان مرۆڤ توشی دەبێت بە هۆی بوونی بەکتریا و ڤایرۆس لەم ئاوانە، جگە لەمانەش ئەو مشکانەی کە لە جۆگەکانی تەنیشت ڕووبارەکان یان کەناڵەکانی ئاوی سازگار دەژین دەتوانن نەخۆشی بەکتریایی بڵاوبکەنەوە
کە هەندێ جار لەوانەیە زیان بە جگەر و گورچیلەکان بگەیەنێت و لەوانەیە کوشندە بێت ئەگەر چارەسەر نەکرێت، مەترسیەکی تری ڕووبارەکان ئەگەر مرۆڤ زۆر ئاگاداری خۆی نەبێت لەشی لەبەر بەهێزی تیشکی خۆر لە هاویندا دەسوتێت و زۆرجار ڕووبارەکان شوشە و شتی زیان بەخشی تێدایە دەبێتە هۆی بریندار بوونی مەلەوان و ئازار پێگەیشتنی.
وەرزشی مەلەوانی لە مەلەوانگە داخراوەکان لایەنی ئەرێنی و نەرێنیەکانی:
دوای پێشکەوتنی مرۆڤ و دەوڵەمەند بوونی و زیادبوونی حەزی زۆری بۆ وەرزشی مەلەوانی، وای لێکرد بیر لەوە بکاتەوە کە شوێنێکی وا دروست بکات لە نزیکیەوە بێت و زیاترین کات بتوانێت مەلەوانی تیدا بکات، بۆیە بیری لە دروست کردنی مەلەوانگە کردەوە کە بەکاریبهێنێت بۆ مەلەوانی و پێشبڕکێ وەرزشیەکان.
ئەگەر باس لە مەلەوانگەی داخراو بکەین بە پێچەوانەی ڕووبارو دەریاچەکان دەبێت ئاو بە وردی چاودێری پشکنینی بۆ بکرێت لە لایەن لێژنەی تەندروستی تایبەت، و قوڵی و درێژی و پانی مەلەوانگە بە شێوەیەکی یاسایی بێت و پێوانەکانی و ڕێژەی ئاو و گۆڕینی ئاو لە مەلەوانگە و زۆر بابەتی تر بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجام بدرێت لە لایەن کەسانی پسپۆڕو شارەزا، لە هەمان کاتدا هەموو مەلەوانگەیەک دەبێت کەسی مەلەوانی سەلامەتپارێز (منقژ سباحە)ی هەبێت و هەموو کەل و پەلەکانی ڕزگارکردن ئامادەبێت لە لێوار یاخود لە نزیک شوێنی مەلەوانی، و دەبێت ڕووناکی ڕۆژ بێتە ژوورەوەی مەلەوانگە و بەر ئاو بکەوێت و پلەکانی گەرمی و ساردی ئاو بە گوێرەی وەرزی ساڵ گونجاو و لەبار بێت بۆ کەسی مەلەوان ڕێکبخرێت و لەهەمان کاتدا (تعقیم) خاوێنکردن هەبێت بۆ هەموو مەلەوانێک جگە لەمەش پێش مەلەوان بڕواتە ناو مەلەوانگە و دوای تەواو بوونی لە مەلەوانی دەبێت لەشی خۆی بشوات، و لە لایەن سەرپەرشتیارانی مەلەوانگە نابێت ڕێگە بەم کەسانە بدرێت مەلەوانی بکەن کە نەخۆشی پێستیان هەیە نەوەک ببێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی بۆ کەسانی تر.
کاتێک مەلەوانگەیەک لەم چەشنە بوو کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بە دڵنیاییەوە شیاوە بۆ کەسانی ئارەزوومەندی وەرزشی مەلەوانی.
ئەوەی جێگەی خۆشحاڵییە خەریکە مەلەوانگەکان لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی باش دەنێن و بە ئاراستەی ڕاست دەڕۆن جگە لەمەش لە هەندێ مەلەوانگە تایبەتمەندی زیاتر هەیە لە نموونەی ساونەی هەڵمی و شۆرگەی تورکی کە زۆر کەس دەتوانن سوودی لێ ببینن و بۆ چارەسەرکردنی زۆر نەخۆشی بە کەڵکە، و تایبەتمەندیەکی تری مەلەوانگە ئەوەیە کە مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی دەستی پێ بگات چونکە لێ ی نزیکە و زۆر کەس هەیە لە ماڵی خۆی مەلەوانگەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە زۆربەی مەلەوانگە گشتیەکان شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی هەیە (parking)، کە ئەمەش لە ئێستادا وەک پێویستیەکی لێ هاتووە کە بە پێچەوانەی رووبار لە ناوچە شاخاویەکان بە زەحمەت دەتوانیت ئۆتۆمبێل لە شوێنێکی سەلامەت و نزیک خۆت ڕابگریت.
جگە لەمە مەلەوانگەکان بوون بە سەرچاوەی داهات و بژێوی زۆر لە گەنج و لاوان و ئەو کەسانەی لەم شوێنانە کاردەکەن.
لە مەلەوانگەکان مرۆڤ بە ئاسانی تیادا فێری وەرزشی مەلەوانی دەبێت چونکە مەلەکردن لە مەلەوانگەکان ئاسانترە و لە ڕووبارەکان زەحمەتترە. و ئەگەر هاتوو مەلەوانگەیەک یاسایی بێت دەتواندرێت پێشبڕکێ وەرزشیەکانی تیدا ئەنجام بدەیت.
و لایەنی نەرێنی و خەرابی وەرزشی مەلەوانی لە لە هەندێ لە مەلەوانگەکان:
کاتێک ئەو خاڵە ئەرێنیانەی لە سەرەوە باسمان کرد بەدی نەکران لە مەلەوانگەکان بێ گومان لەم حاڵەتەدا مەلەکردن لە هەندێ لە مەلەوانگەی داخراو مەترسی خۆی هەیە چونکە سەلمێندراوە لە مەلەوانگەی نایاسایی و ناتەندروست زۆرجار مەلەکردن لەم شوێنە دەبێتە هۆی هەوکردنی ڕێڕەوی میز و گوێ و سکئێشە لە باوترین نەخۆشین، هەروەها کاتێک بە نەزانی ڕێژەی مادەی کلۆر بەکارهات لە مەلەوانگە ئەوا دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە چاوەکان و ئەو مەلەوانگەی زۆر مەلەوانی تیادا دەکرێت و ئاوی درەنگ دەگۆڕدرێت ئەمە هۆکارە بۆ کۆبوونەوەی زۆر جۆری بەکتریا و میکرۆب لە ئاوی ئەو مەلەوانگەیە.
ئەوەی جێگەی داخە ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە گەشتیار و خەڵک بە گشتی لە ڕووبارەکان و مەلەوانگەکان دەخنکێن و گیان لەدەست دەدەن بەڵام ڕێژەی خنکان زیان پێگەیشتنی مرۆڤ لە ڕووبارەکان زۆر زیاترە و لە مەلەوانگە کەمتر، بۆیە کاتێک مەلەوانگەیەک ڕێنمایەکانی تەندروستی بە شێوەیەکی تەواو جێ بەجێ بکات بە دڵنیایی ڕووداوی خنکان و ئازار پێگەیشتن و بریندار بوونی مرۆڤ ئەگەری کەمترە چونکە لە مەلەوانگەکان پاسەوانی ژیان و سەلامەتی ئامادەبوونی هەیە و مرۆڤی ئازار پێگەیشتوو لە مەلەوانگە دەتوانێت زووتر و ئاسانتر دەستی بگات بە نەخۆشخانەکان.
ئەمانەی لەسەرەوە باسمان کرد بە مانای ئەوە نایەت کە مرۆڤ وەرزشی مەلەوانی لە ڕووبار و مەلەوانگەکان ئەنجام نەدات، بو پێچەوانەوە وەرزی هاوین باشترین دەرفەتە بۆ ئەنجامدانی ئەم وەرزشە لە لایەن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە (منداڵ، پیاو، ئافرەت، لاو، بەتەمەن)، بەڵام لە هەمان کاتدا لە هەر شوێنێک کە دەتەوێت وەرزشی مەلەوانی ئەنجام بدەیت گرینگە کە بە وریاییەوە بێت و هەوڵ بدەیت خۆت بەدوور بگریت لە مەلەوانی لە ئاوی پیس لە ڕووبار بێت یان لە مەلەوانگە چونکە مەلەوانی کردن لەم ئاوانە زەرەرو زیانی دەبێت لەسەر تەندروستی مرۆڤ.