موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
سیدەكان سەرباری بەقەزا بوون و هەبوونی ژمارەیەك شوێنی دڵڕفێن، بەڵام تا ئێستا هیچ شوێنێك بە فەرمی نەكراوتە ناوچەی گەشت و گوازاری و گەشتیاران ناتوانن روو لە سەنتەری ئەو قەزایە بكەن.
عەبدولقادر ئەكڕەم سەرۆك شارەوانی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” دەڤەری برادۆست خاوەنی چەندین كوێستان و ناوچەی دڵڕفێنە و شوێنی گەشتتیاری زۆری هەیە، سەرجەمیشیان خۆرسكن و بە سروشتی خۆیانن، بەڵام بەداخەوە لەبەر بواری ئەمنی و خراپی ڕێگاوبانەكانیان گەشتیاران ناتوانن سەردانی بكەن.
سەرۆك شارەوانی سیدەكان، دەڵێت:” ململانەی نێوان پەكەكە و توركیا و هەروەها ململانێی نێوان حزبە كودیەكانی ڕۆژهەڵات، دۆخێكی نائارامی لە سنوورەكەمان دروست كردووە و بوونەتە ئاستەنگ بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بتوانن بە ئاسانی سەردانی شوێنە گەشتیاریەكان بكەن، ئەمەش هۆكارە كە گەشتیاران وەك پێویست سەردانی دەڤەرەكەمان نەكەن.
گووتیشی:” لەگەڵ بەڕێوەبەراتی گشتی گەشت و گوزار لەپەوەیندیداین بۆ ئەوەی بتوانیین شوێنە گەشتیاریەكان پەرەیان پێ بدەین، هەروەها لەگەڵ كەرتی تایبەت پلانی باشمان هەیە بە تایبەت بۆ سەنتەری قەزا و بۆ لێواری ڕووباری گشتی كە بە ناو سەنتەر تێدەپەڕێت، لە ئایندە بۆ دۆڵی زەرزێ و روباری زەنان پلانمان هەیە بكرێنە ناوچەی گەشتیاری و خزمەت گوزاری سەرەتایان بۆ دابین بكەین”.