زاری كرمانجی – سۆران:
د. داهات حەوێزی، پزیشكی پسپۆڕِی هەناوی و شەكرە، دەڵێت”تووشبووانی شەكرە ئەگەر تووشی سكچون و رشانەوە بوون دەبێ بەپەلە سەردانی نەخۆشخانە بكەن،چونكە نەخۆشی شەكرە لە رێگەی گورچیلەكانەوە پڕۆتین زۆر فڕێ دەدات، بەمەش گورچیلەكان فشاریان زیاتر دەكەوێتە سەر و سست دەبن، بە سكچوون و رشانەوە ئەم فشارە زیاتر دەبێت، سیستەمی بەرگری لەش لە تووشبووانی شەكرەدا لاوازترە لە كەسانی ئاسایی، بەمەش زیاتر و زۆرتر تووشی هەوكردن دەبن و گورچیلەیان بە باشی كار ناكات، بە سكچوون و رشانەوە ئەم كاریگەرییە زیاتر دەبێت شەكرەیان زیاتر بەرز دەبێتەوە.
ئەم پزیشكە، ئاشكراشی دەكات:” هەندێ دەرمانی شەكرە قورس و بەهێزن، سكچوون و رشانەوە زیاتر دەكەن و فشاری زیاتر دەخەنە سەر گورچیلەكان، بۆیە لەو حاڵەتانەدا پێویستە زوو دەرمانەكانیان بۆ رێكخرێتەوە و هەر بۆیەش نەخۆشانی شەكرە لە كاتی تووشبوون بە سكچوون و رشانەوە پێویستە زوو چارەسەری پێویست و گونجاو وەرگرن بۆ ئەوەی دووركەونەوە لە كێشە تەندروستییەكان”.