بەڕێوەبەری هاتوچۆی سۆران وەڵام دەداتەوە
محەممەد مەحموود- سۆران:
لە سێ رۆژی جەژنی قوربان هیچ رووداوێكی هاتوچۆ لە سنووری بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران تۆمار نەكراون، كارمەند و ئەفسەرانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بە بەردەوامی لە ئەرك دابوونە بۆئەوەی گرفتی قەرەباڵغی رێگاویانەكان چارەسەر بكەن”.
عەقید زرار حوسێن، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بۆ رۆژانی جەژن تیمەكانمان لە گشت شوێنە گەشتیارییەكان دابەشكردبوون بۆئەوەی رێڕەوی هاتوچۆ گرفتی بۆ دروست نەبێت، هۆكاری ئەو جەنجاڵیەی رێگاو بانەكان بەتایبەتی رێگای سپیلك بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لە ئێستادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بەكار كردن کردووە لە بەشێكی رێگاو بانەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە بابەتێكی زۆر گرنگە بۆ لایەنی هاتوچۆ، ئەمە وایكردووە قەرەباڵغی زیاتر دروست بێت”.
دەربارەی رووداوەكانی هاتوچۆ لەو جەژنەدا، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی سۆران، گووتیشی:” تاكو سێیەم رۆژی جەژن هیچ رووداوێكی هاتوچۆ تۆمار نەكراوە، داواش لە شوفێران دەكەین زیاتر پابەندی رێنماییەكانی پۆلیسی هاتوچۆبن”.