د. ئازا – زاری کرمانجی:
کردنەوەی خول و پاڵەوانێتی وەرزشی لە گشت یارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گرینگی تایبەت بە خۆی هەیە بە تایبەت لەو کاتەی ئەگەر بە شێوەیەکی زانستی یاریزان لە تیپە میللیەکان لە یاری تۆپی پێ ڕاهێنان ئەنجام بدەن، بێگومان ئەگەر یارمەتی و پشتگیری بکرێن ئەوا لە داهاتووێکی نزیک یانەکانی ئەو دەڤەرە پێویستیان بە یاریزانی پیشەگەر و یاریزانی دەرەوەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران نامێنێت لە یاری تۆپی پێ، هاوکات ئەوەی جێگای تێڕامانە پەراوێزخستنی یاریزان و تیپە میللیەکانی ئەو سنوورەیە لە لایەن دامەزراوە و شوێنە وەرزشیەکان کە وەک پێویست نەیانتوانیوە ئاوڕ لە یاریزانانی ئەو تیپانە بدەنەوە.
م. ئیسماعیل ئەندامی لێژنەی تیپە میللیەکانی سۆران لە یاری تۆپی پێ بۆ زاری کرمانجی دەڵێت: لە ئیستادا لیژنەی تیپە میللیەکانی سۆران خولی پلە نایاب بە هاوکاری دەستەی ناوبژیوانان و لەژێر سەرپەرشتی ناوەندی باڵای لاوانی (ی.ل.ك)، بەڕێوە دەبات لە یاری تۆپی پێ، لەم خولە دا ١٥ تیپ بەشدارە و ڕۆژانە ۲ یاری بەڕێوە دەچێت و بە شێوازی خول یارییەکان ئەنجام دەدرێت واتا هەر تیپێك بە تێکڕا ١٤ یاری دەکات.
زیاتر گووتی: لەم خولە هیچ سپۆنسەرمان نیە و هیچ کەس و لایەنەك پشتگیریمان ناکات ئێمە لەسەر داهاتی بۆندەکانی تیپەکان تێچوو و خەرجیەکانمان دەکەین و کێشەیەکی تر بۆ ئێمە خەراپی یاریگەی سەرووچاوەیە بەداخەوە شایەنی یاری تێدا کردن نیە لەبەر خراپی چیمەنی یاریگەکە و نەبوونی شوێنی دانیشتنی هاندەران و کەمی ڕێژەی ناوبژیوانان و نەبوونی پاڵپشتی ماددی و زۆر هۆکاری تر، بۆیە چاکردنی یاریگە لە ئیستادا بە گرینگی دەزانم بۆ ئەم بابەتەش و ڕووی قسەکانم ئاراستەی هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەم کە هەموو کات هاوکارێکی باشی یانەکان و بە گشتی وەرزشی دەڤەرەکەمان بووە چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە سوپاسی دەکەین.
لە بەشێکی قسەکانیدا م. ئیسماعیل باس لەوە دەکات ئەوەی بۆمان دڵخۆشییە بە شێوەیەکی گشتی تیپەکان هاوکارن هەرچەند بەشێکیان ئەنجامی یاریەکانیان پێ قەبول ناکرێ، بۆیە پێم وایە یاریزان و تیپە وەرزشیەکانی دەڤەرەکەمان پێویستیان بە خول وسمیناری تایبەت هەیە لە لایەن کەسانی ئەکادیمی و زانستی لە پێناو گەشەسەندنی هزری ڕۆشەنبیری و تەندروستی وەرزشی.
و گوتیشی لە ئێستا لیژنەکەمان پێویستی بە کەسانی زیاترە بۆ دەوڵەمەندکردنی ستافی لێژنەی تیپە میللیەکان، هەروەها بە گرینگی دەزانم سازدانی کۆنفڕاسێکی وەرزشی گەورە لەشارەکەمان ئەنجام بدرێت بە سوود وەرگرتن لە بیرۆکە و پێشنیاری کەسانی بە ئەزموون و شارەزا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشەنبیری زیاتری وەرزشوانانمان و پێشکەوتنی وەرزش لەم سنوورە.
م. ئیسماعیل دەشڵێت:ناکرێت ڕۆڵی بەرچاوی خاتوو زەهرا چەتۆ، بەرپرسی ناوەندی باڵای لاوانی سۆران (ی.ل.ک) لە یاد بکەین لە پشتگیری و هاندانی بەردەوامیان، ئێمە پلانمان هەیە لە داهاتوو بە هاوکاری ئەندامانی لێژنە (م. سەنگەر مستەفا، م. سەلاح عوسمان) لە دوای تەواو بوونی خولی پلە نایاب خولی پلە یەك و خولی پلە دوو دەست پێ دەکەین، لە هەوڵداین بتوانین بە باشترین شێوە خولە وەرزشیەکان بەڕێوە ببەین لە پێناو زیاتر دڵخۆشکردنی لاوانی ئیدارەی سۆران.