د. ئازا – زاری کرمانجی:
لە دوای دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ خزمەتی ئەو سنوورە چەندین بەڕێوەبەرایەتی لەم ئیدارەیە كرانەوە یەکێك لەوانە بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بوو، هەیکەلیەتی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە بەڕێوەبەر و جێگرو شەش هۆبەی کارگێڕی و خۆیەتی، ژمێریاری، یانەکان، تیپە میللیەکان، یاریگە و هۆڵەکانی وەرزشی پێک دێت.
لە دیمانەیەکی زاری کرمانجی دا لەگەڵ ماموستا شوان ڕەشید بەڕێوەبەری وەرزشی ئیدارەی سۆران لە وەڵامی پرسیارەکانماندا وتی: ڕۆژی ٢٠٢٣/٤/٧، دامەزراندنی بەڕێوبەرایەتی وەرزشی سۆرانە، کە ئەمەش بە هەوڵ و پشتیوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و بە بڕیاری وەزارەتی ڕۆشەنبیری و لاوان بوو، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان ئێمە لە ڕووی مرۆییەوە کێشەی کەمی فەرمانبەرمان هەبوو بۆیە هەوڵماندا کە چەند فەرمانبەرێک لە بەڕێوبەرایەتی لاوان بگوازینەوە سەر میلاکی بەڕێوەبەرایەتیەکەمان، بێگومان لە ئایندەیەکی نزیکدا بە سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە هەوڵداین چەند گرێبەستێکی بەشی کارگێڕی وەرزشی لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان دابمەزرێنین.
م. شوان دەشڵێت: چالاکیەکانمان لەم چەند مانگەی ڕابردوو کارکردن بووە لەسەر وەرزش بە شێوەیەکی گشتی، هاوکاری و پشتگیری وەرزشوانان وە هەروەها ڕێکخستنەوەی یانەکان و پلە بەندی کردنیان لە ڕووی داهات و ژێرخانی ئابووری یانەکان.
هەروەها گووتی: لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لاوانمان حەزوو ئارەزووی زۆریان بۆ وەرزش هەیە زۆر گرینگە بە شێوەیەکی چاک فێربکرێن و دەستیان بگیرێت لە هەموو یارییەکی وەرزش بێگومان لە داهاتوو دەرئەنجامی باش و پۆزەتیڤی دەبێت، ئەوەی تێبینیم کردووە یاریزانی زۆر چاک و بەهرەدار هەیە لە ئیدارەی سۆران بە تایبەت لە یاری تۆپی پێ، من وای دەبینم ئەگەر بە زانستی لە لایەن کەسانی پسپۆر پەروەردە و فێربکرێن لە ئەکادیمیا و تیپی لاوانی یانەکان، لە چەند ساڵی دێت کێشەی یاریزانمان کەمتر دەبێت و پێویستە یانەکان لە ڕێگەی لێژنەیەکی خاوەن ئەزموون و لێهاتوو لە وەرزش سوود لە یاریزانانی تیپە میللیەکانی ئەم ناوچەیە وەربگرن چونکە یاریزانی زۆر باش هەیە لە ناو تیپەکانی سۆران و دەورو بەری و بێگومان لە ڕووی داراییەوە تێچووی یاریزانانی ناوخۆ کەمترە لە یاریزانانی دەرەوە.
و دەمەوێت بڵێم بە پاڵپشتی و هاوکاری بەردەوامی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وەرزش لە نەبوونەوە ئێستا لە قۆناغێکی زۆرباش دایە، بەڵام ئەوەی جێگای داخە زۆرێک لە یانەکان کێشەی داراییان هەیە و کێشەی دارایی لە یانەکان دەبێت چارەسەر بکرێت ئەمەش بە دروستکردنی ژێرخانی ئابووری پتەو و وەبەرهێنانی تایبەت بە یانەکان چونکە ئەو هاوکاریەی لە حکوومەت و کەرتی تایبەت و سپۆنسەرەکان پێشکەش بە یانەکان دەکرێت بە شێوەیەکی کاتییە و یانەکان ناتوانن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن پشتی پێ ببەستن و ناکرێت بڵێن ئەو یارمەتییە کاتیە کێشەکان چارەسەر و بنبڕ دەکات، جگە لەمەش گرفتێکی تری یانەکان نەبوون و خراپی یاریگە و هۆڵەکانە بە پێویستی دەزانم لە هەنگاوی یەکەم هەوڵی گەڕانەوەی ئەو یاریگە و موڵکە وەرزشیانە بدرێت کە کەوتۆنەتە دەست هەندێک کەس لە ڕاستی دا پێویستە یانەکان و وەرزشوانان سوودی لێ وەربگرن، هەروەها لەگەڵ یانەکان لە هەوڵداین یاریەکانی تاکە کەسی گرینگی پێبدەن و دەرفەتی زیاتر بە یاریزانانی یارییە تاکەکان بدەن، و ئەگەر هاتوو یانەکان ڕێڕەوی بایەخ پێدانی یاری تاکە کەسیان پێڕەو کرد لەم کاتەدا یانەکان دەتوانن تێچووی دارایی کەمتر بکەنەوە و بە دڵنیاییەوە بەدەستهێنانی نازناوەکان ئاسانتر و زیاتر دەبێت.
م. شوان دەشڵێت: ئەوەی جێگای خۆشحاڵی و خاڵی ئەرێنیە هەماهەنگی زۆر باش لە نێوان ئێمە و یانەکان و دامەزراوە وەرزشیەکاندا هەیە لە سەرجەم چاڵاکیەکاندا هاوکارو یارمەتیدەری یەکترین، بۆیە لە داهاتوو هەوڵ دەدەین لە ئیدارەی سۆران بە شێوەیەکی گشتی، بیرو بۆچوونی کەسانی شارەزاو پسپۆر لە وەرزش وەربگرین سەبارەت بە کێشەو گرفتەکانی بەردەوام بواری وەرزشی و چارسەرییەکانی، و گرنگی زیاتر بە ئەکادیمیا و یاریزانی لاو بدەین، لە پێناو دروست کردنی داهاتووێکی جوان بۆ لاوانی دەڤەرەکەمان.