زاری کرمانجی – سۆران :
دەزگای کولتووریی یاد، لە ڕێوڕەسمێکدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان یادی (شێخ حوسێن بەرزنجی) ئاوازدانەری سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) ی کردووە.
لە چوارچێوەی ڕێوڕەسمەکەدا وتاری دەزگای کولتووریی یاد و پارێزگاری هەولێر و، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان پێشکەش کرا و، ئاماژەیان بە گرنگی کردنەوەی یادی (شێخ حوسێن بەرزنجی) ئاوازدانەرەکەی (ئەی ڕەقیب) کرد، کە بەشێکە لە هێمای نەتەوەیی کورد، هاوکات نموونەی خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری بوو تا دوا ساتەکانی ژیانی و شەهیدبوونیشی.
لە بەشێکی دیکە، دیبەتێک بەڕێوەچوو لە سەر ڕۆڵی (شێخ حوسێن بەرزنجی) لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و، پێگەی ئاوازدانەرەکەی ئەی ڕەقیب لە قۆناخەکانی میوزیکی کوردی.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، چەپکە گوڵی ڕێز و وەفاداری پێشکەش بە بنەماڵەی (شێخ حوسێن بەرزنجی).