شەهلا رەشید- سۆران
ئەسپرین یەكێكە لەو دەرمانانەی كە زۆربەی پزیشكەكان دەیدەنە ئەو كەسانەی بەساڵاچوون، بۆ پاراستنیان لە جەڵتەی مێشك و دڵ، زۆرجاریش خەڵك پاش تەمەنی 40 یاخود 50 ساڵی بەكاری دەهێنن بەبێ راوێژی پزیشك، بەڵام توێژینەوەیەكی پزیشكی ئەم دواییە ئاشكرایكردووە كە مەترسی لەسەر تەندروستی هەیە.
ماڵپەڕی پزیشكی ئەمریكی، “مێدسكەیپ” توێژینەوەیەكیدا ئاماژەی بەوەكردووە” ئەسپرین دەبێتە هۆی كەمخوێنی بەبێ ئەوەی نیشانەكانی دەربكەوێت، هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاستی ئۆكسجین لە خوێندا، سەرەڕای سوودەكانی ئەسپرین لە بەرەنگاربوونەوەی جەڵتەی مێشك و دڵدا، بەڵام بەشداریكردنی لە كەمخوێنیدا سەرچاوەیەكی مەترسییە بۆ كەسانی بەساڵاچوو، ئەمەش لە ماوەی 5 ساڵدا بەدواداچوون بۆ حاڵەتەكانی 18 هەزار كەسی تەمەن 65 ساڵیدا، لە ئەمریكا و ئوسترالیا گەیشتوونەتە ئەم ئەنجامانە.
هەروەها ئەنجامەكانی لێكۆڵینەوە ئاشكراشی كردووە، رێژەی كەمخوێنی لەنێو ئەوانەی ئەسپرین دەخۆن بە رێژەی 20% زیادی كردووە بە بەراورد بەو كەسانەی ئەسپرینیان بەكارنەهێناوە.
د. سۆران زراری، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، بە زاری كرمانجی راگەیاند” بەكارهێنانی ئەسپرین بەشێوازێكی رووتین بۆ ئەو مەبەستەی كە كەسانێك پاش تەمەنی بەساڵاچوو بەكاری دەهێنن بۆ پارێزگاری كردنیان لە جەڵتە، ئەوا هیچ بنەمایەكی زانستی نییە كە چی لەنێو خەڵكدا زۆرباوە ئەم جۆرە دەرمانە زۆر بەكاردەهێنن، زیانەكەی زۆر زیاترە لەوەی كە بیردەكەنەوە لە جەڵتە دەیانپارێزێت، چونكە یەكێكە لە هۆكارەكانی خوێنبەربوونی هەناو و گەدە، جاری وا هەیە خوێنبەربوونێك روودەدات كە راگرتنی زۆر زەحمەتە.
گوتیشی” پێشتر دەیانگووت ئەوانەی نەخۆشی شەكرە یاخود پاڵەپەستۆی خوێنیان هەیە دەكرێ پاش تەمەنی 40 ساڵی دەست بە خواردنی ئەسپرین بكەن، بەڵام لە ئێستادا ئەمەش رەتكراوەتەوە ئەگەر نەخۆشەكە لە گروپی مەترسیدار نەبیت نابێ وەك رووتین بیاندەنێ، بۆیە پێویستە خەڵك زۆر وریا بێت و لە زانستیشدا بەهیچ شێوەیەك رێگە پێدراو نییە خەڵك لە خۆیانەوە ئەم دەرمان وەك رووتین بەكاربهێنن.

































































