شەهلا رەشید- سۆران:
منداڵ پێگەیەكی گەورەی هەیە لەنێو كۆمەڵگە و خێزان، بۆیە هەمیشە دەبێ هەوڵبدەن بۆ دڵخۆشكردنی منداڵەكانتان، تایبەت لە رۆژە تایبەتەكانی وەك جەژن كە ئەوان زیاتر حەزیان لە دەرچوون و خواردنی شیرنەمەنییە، هەر بۆیەش جگە لە گرنگیدان بە دڵخۆشبوونیان پێویستە ئاگاداری تەندروستییان بن.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” رۆژانی جەژن منداڵان لە هەموو كەس دڵخۆشترن پێویستە لەم رۆژەشدا گرنگییەكی زۆریان پێبدرێن وەك پۆشینی جلوبەرگی جوان و پاكوخاوێنیان چونكە ئەمە گرنگی تایبەتی هەیە هەم بۆ تەندروستی و هەمیش بۆ دڵخۆشكردنیان، سەرەدانیكردنی خێزانەكان و بەیەكگەیشتنیان لە رۆژانی جەژن بەتایبەت منداڵەكان لەگەڵ یەكتری زۆر گرنگە و پەیوەندیان پێكەوە بەهێز دەكات، هەروەها دووركەوتنەوە لە یارییە ئاگرینەكان و زیانبەخشەكان كە لە ئێستادا زۆرباوبووە لەنێویاندا.
گووتیشی” هەوڵبدەن منداڵەكانتان دووربخەنەوە لە زیادەڕووی خواردنی شیرنەمەنی و چەوری، كە رۆژانی جەژن ئەم جۆرە خواردنانە زۆرن، منداڵەكانتان دووربخەنەوە لە شوێنی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی ترساندنیان و هەروەها دووریش بن لە نەخۆشی تای خوێنبەربوون كە لە ئاژەڵەوە سەرهەڵدەدات، پێویستە وەسفی جەژنیان بۆ بكرێت بەشێوەیەكی پەروەردەییانە و رەوشت بەرزانە.