عەزیز یاسین
یەکێک لە هەڵە میتۆدییەکانی گووتاری رەخنەگر لە ئایین، بریتییە لە پێکەوەگرێدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ڕەفتار و گوفتاری کەسانێکی سەرەڕۆ و گیرۆدەبووی گرفتە دەروونییەکانیان، بەبێ ئەوەی هیچ باکگراواندێکی مەعریفیان هەبێت دەربارەی دین و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان.
لە بنەڕەتدا، پرسی کوشتن و تیرۆر، کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی و دەروونییە بەر لەوەی دیاردەیەکی ئایینی بێت؛ واتە، ئەوانەی پەنا بۆ کوشتن دەبەن، کاتێک لێکۆڵینەوە لە باری کۆمەڵایەتیی و دەروونییان دەکەین، بۆمان دەدەکەوێت لە قووڵایی بونیادی کەسیی و کۆمەڵایەتی ناجێگیر و شپرزەن، نەوەک سەرەڕۆییەکانیان بەهۆی نزیکییانەوە بێت لە خودا، یاخود لە ئەنجامی گەڕان و وردبوونەوەیەک مەعریفیی گەیشتبن بەوەی ئاساییە پەنا بۆ کوشتن ببەن.
مرۆڤ بۆ ئەوەی بتوانێت خوێنڕێژ بێت، پێویستە لە ئاستی دەروونیی و مەعنەوی خاوەن ویژدانێکی مردوو بێت، لە ئاستی مەعریفیش تەنها ئەوکاتە ڕەوایی بە کوشتن و تیرۆر دەدرێت ئەگەر نەزانیی زاڵ ببێت بەسەر بیرکردنەوە و ئەقڵییەتی بکوژ. بۆیە ئەوانەی ئامادە دەکرێن بۆ خوێن ڕشتن، لە ئاستی دەروون و مەعنەویی ویژدانیان بە دەستی جەللادێکی تر تیرۆر دەکرێت و لە ئاستی بیرکردنەوە و ژیریش، ئایدۆلۆژیایەکی مرۆڤ سەنتەر، ڕۆحیان داگیر دەکات، بەوەی ڕاستیی و حەقیقەت تەنها لە لای خۆیان ببینن و خودی ئەم کوێرەوەرییە بەرزتر دەنرخێنن لە ژیان و پیرۆزییەکانی کەسانی تر.
بەم جۆرە، کوشتن یان تیرۆری سیستماتیک «لە ئاستی تاک و دەستەجەمعیی» بەبێ ئەم دوو پێش مەرجە کارێکی مومکین نییە. بەڵام گووتاری بەشێکی زۆر لە سیکۆلاریزمی پەڕگیر و زۆربەی جاریش ئەوانەی بەناوی ڕیفۆرم قسە دەکەن، خۆیان لەم ڕاستییە دەبوێرن و پێیان وایە بابەتەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە فۆڕم و ڕیچواڵیی دینییەوە هەیە، لە کاتێکدا، یەکێک لە سیما سەرەکییەکانی ئایینداریی تەندروست ئەوەیە؛ هەم لە ئاستی ویژدانیی و ڕۆحیی مرۆڤ زیندوو بهێڵێتەوە، هەم لە ئاستی مەعریفیی تاک وەها پەروەردە بکات کە ژیانی مرۆڤ پیرۆزیی و قودسییەتی خۆی هەیە و ناکرێت لە دەرەوەی دادگە و سیستمی دادوەریی هیچ پێشێلکارییەکی دەرهەق بکرێت، ئەمەش ئەرکی دەوڵەت و دەزگا مەدەنییەکانە تاوانبار و خوێن ڕێژ سزا بدەن نەوەک تاک و گروپە کۆمەڵایەتییەکان.
ڕەنگە لەماوەی ڕابردوو دەیان جاری تر، ئەم هەڵە میتۆدییەی سیکۆلاریزمی پەڕگیر و «بەناو» ڕیفۆرمخوازەکان، کەسانێکی زۆری بەلاڕێدا بردبێت و ڕاستییەکانی لەبەرچاو شێواندبن بەبێ ئەوەی گوێبدەن بە لێکەوتەکانی ئەم گووتارە نالۆژیکیی و نا مەعریفییە، بۆیە لەم چەند ڕۆژە، هەمان هەڵمەتی چەواشەکاریی نوێبووەوە، دوور لەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە مرۆڤی کورد بۆچی مەسەلەی کوشتنی هێندە لە خەیاڵدا ئاسایی بۆتەوە و زۆر بە ئاسانی پەنا بۆ کوشتن دەبات؛ ئەوان بۆ خۆدزینەوە لە ڕاستی و بۆ پەیداکردنی نان و بژێوی ژیان وەهمێکی گەورە دروست دەکەن بەناوی مەترسی توندڕەوی و دەمارگیریی ئایینی، هەروەها هەر ئەکتێکی نامرۆیی لە کەسێکی ئیماندار ببینن ڕاستەوخۆ هێرش دەکەنە سەر جوانییەکانی دین. لە بەرانبەردا خۆیان بێباک دەکەن لەوەی کۆمەڵگەی ئێمە لە لێواری لێکترازانە بەهۆیی پشتکردن لە دیوە مەعریفیی و ویژدانییەکەی ئایین، نەوەک پابەندبوون بە ئایین.
بەپێ ئامارەکان، تەنها لەماوەی کەمتر لە شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٣، نزیکەی پەنجا کەس بە ناهەق کوژراون، بەشێکی زۆری پاڵنەری کوشتنەکانیش لە ئەنجامی پابەند نەبوونی بکوژەکان بووە بە ئایین نەک نزیکییان لە خودا؛ بەو مانایەی بکوژەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتیی و باری دەروونی مەحروم بوونە لەو ویژدانەی پێشتر ئاماژەم پێکرد، هەروەک لە کاتی کوشتن خودای گەورەیان لە بیر نەبووە و ئاگاداری ڕەهەندە مەعریفییەکەی ئیمانداریی و ئایین نەبوون، بۆیە ئاسان دەستیان چۆتە گیانی کەسێکی تر و بوونەتە تاوانبار. هەرچۆنێک بێت، هیچ کەس لە هەڵگرانی گووتاری سیکۆلاریزمی پەڕگیر ئەمە بە مەترسی دانانێت بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و ڕاگەیاندنیش جگە لە هەواڵێکی تێپەڕبوو مامەڵەی شتێکی تر لەگەڵ ئەم حاڵەتانە نەکردووە. لەبەرانبەردا، کاتێک کەسێکی تێنەگەیشتوو دێتە سەر مینبەر و دەبێتە دەمڕاستی ئیماندارانی تیکتۆک، یان پەروەردەکراوێکی سۆشیال میدیا دین دەکاتە بیانوو بۆ یەکلاییکردنەوەی گرفتە دەروونیی و کۆمەڵایەتییەکانی، ئەوا حەشامەتێک نووسەر و «ڕۆشە»نفیکری سادەگۆ، دەڵین مەترسی هەیە و ئایین سەرچاوەکەیەتی.
گوتاری سیکۆلاریزمی کوردیی، هەزاران بکوژی پەروەردەکردووە و دووری خستوونەتەوە لە بنەما ئایینییەکان، کە ئاساییە هەر کات بیانەوێت لەسەر بچووکترین بیانوو مرۆڤ بکوژن، کەچی هێشتا هەندێک پیرە شۆڕشگێڕ دڵیان بەوە خۆشە سیکۆلاریزم بکەن بە کوولتوورێکی سەرتاسەریی و ستراکتۆری کۆمەڵگەی کوردی پێ ڕەنگڕێژ بکەن. لە ڕاستیدا، ئەوانە دەبێت بیر لە دووبارە پەروەردەکردنەوەی خۆیان و عەقڵییەتی بکوژیی نێو بونیادی پەروەردەیی شوێنکەوتووانیان بکەنەوە، نەوەک بڕوبیانووی ڕووکەشی بخەنە بەرباس و وشەی ئایین بخەنە سەر زوبانیان.
قورئانی پیرۆز فێری کردووین کە هیچ بیانووێک نییە بۆ کوشتن لەسەر بیروڕای جیاواز، پێویستیش ناکات هەرگیز پەنا ببەینە بەر گوتاری خۆ بێبەریکردن لە جەهل و توندڕەویی کەسانێکی بیرتەسک کە لە ڕیی مینبەر و سۆشیال میدیاوە تەنها سادەگۆیی و سوکایەتی بەرهەم دەهێنن، بەڵام دەبێت لە هەمان کاتدا، ئێمەش گووتاری خۆ بەکەمزانیی کۆتایی پێبهێنین لە نێو موسڵمانان. دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەوانەی «لە کوردستان» بوونەتە قوربانیی دەستی کەسانی دوورە دین، سەدان «ڕەنگە هەزاران» جار زیاترن لەوانەی بە ناڕەوا، کوشتنیان دەخرێتە پاڵ هۆکارێکی ئایینیی. لێرەوە گرنگە تێبگەین، ئەگەر ترسان نەبێت لە سزای خودایی، دڵنیابن لەوەی ناتوانین تاوانی کوشتن سنووردار بکەن.
لە ڕووی مەعریفیی و کرادارییەوە، ئیسلام ئایینێکی واقیعییە و دوورە لە ورووژاندنی سۆز و عاتیفە و سازشکردن لەسەر بنەماکانی؛ واتە ئیسلام کاتێک شتێک بە فەڕز دەزانێت بێ پێچ و پەنا لە قورئانی پیرۆز باسکراوە، بۆیە ئەوەی ئەلف و بێی دین ئاگادار بێت، ئاسان تێدەگات ئایین فێری ئەوەمان دەکات کە مرۆڤ تەنها ئەو کاتە گیرۆدەی ئازاردانی بە ناحەق دەبێت و پەنا بۆ توند و تیژیی دەبات، ئەگەر خودای گەورە لە نێو دڵ و دەروونیدا حزوری نەمێنێت. هەر بۆیە لە نێو ترادسیۆنی ڕەسەن و عیرفانی ئیسلامیی، هەبوونی ڕابیتەیەکی ڕۆحیی بەهێز لەگەڵ خوداوەند فەڕزێکی مەعنەوییە و ئامانج لە کۆی پەرستشەکانیش ئەوەیە مرۆڤ دڵی نەمرێت و خاوەن ویژدانێکی زیندوو بێت، بۆ ئەوەی لە ئەنجامی تێکچوونی باری دەروونیی و کۆمەڵایەتی بێباکانە دەستی نەچێتە خوێنی کەس و بگرە نابێت ئازاری بوونەوەر و ژینگەش بدات.
بەم جۆرە، دەکرێت بڵێین، پەیامی مەعریفیی و کرداریی ئایین بریتییە لە مانەوەی مرۆڤ لەسەر دۆخی سروشتیی خۆی، واتە ئایین بۆ ئەوە هاتووە ئینسان فێری ئەزموونکردنی ژیان بکات لە قاڵبی مرۆڤبوون و ئامادەی بکقت بۆ گەڕانەوە بۆ لای پەروەردگار لە قاڵبێکی مرۆیی «متکامل». یەکێک لەمەرجەکانی مانەوەش وەک مرۆڤ، ئەوەیە نابێت بە ناحەق ئازاری مێروولەیەکیش بدەین، نەک ئینسان کوشتن؛ هەروەک، ئەو کەسەی مرۆڤێک دەکوژێت، دەبێت بەر لەهەر شتێک پرسیار لە ئاست و جۆری ئیمان و مەعریفەی بکەین، نەوەک بەدوای بیانووی نابەجێ بگەڕێین و ناشرینییەکانی بخەینە پاڵ ئایین.
تێبینی: قسەکردن لەسەر رووداوە دووبارەبووەکان ئەرکی من نییە، بۆیە هیوادارم ئەم بۆچوونە کورتنەکرێتەوە بۆ هیچ ڕووداوێکی هەنووکەیی، چونکە قسەی من لەسەر کاریگەریی فۆڕمی پەروەردەی تاکە، نەوەک ڕوداوێکی دیاریکراوە.