زاری کرمانجی – سیدەکان:
ئەمڕۆ یەکشەممە، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا ناوچە سنووری و کوێستانەکانی دەڤەری برادۆستی لە سنووری ئیدارەی سۆران بۆردومان کرد .
ماوەی چەندین ساڵە، پەکەکە لەگەڵ تورکیا ناکۆکی سیاسییان هەیە، بەهۆی هەبوونی چەکدارانی پەکەکەش لە ناوچەکە، بەردەوام تورکیا لە ڕێگەی تۆپ و فڕۆکە تۆپباران و بۆردومانی گوند و ئاوای و ناوچە سنووریەکانی قەزای سیدەکان سۆران دەکات .
عەدنان مەلا ئەحمەد بەرپرسی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سیدەکان، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” ئەمڕۆ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای بەربزینیان لە سنووری قەزای سیدەکان بۆردومان کرد، هەرچەندە زیانی گیانی بەر هاووڵاتییانی سڤیل نەکەوتووە، بەڵام بۆردومانەکان ترس لای خەلک و گوندنشینان دروست دەکات .
زیاتر گووتی:” بۆردومانەکە بەمەستی لێدان بووە لە چەکدارانی پەکەکە، زەرەر و زیانەکانیانی ئەوان نەزانراوە .
قەزای سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی كوردستان، توركیا و ئێران، خاوەنی 250 گوندە زیاتر لە 100 گوندی بەهۆی بوونی پەكەكە و بۆردمان و تۆپبارانەكانی وڵاتانی دراوسێ ئاوەدان نەكراونەتەوە و لە 20 ساڵی رابردوو بەهۆی پەكەكە و توركیا لە دەڤەری برادۆست دەیان كەس بوونەتە قوربانی.