د. ئازا – زاری كرمانجی:
زۆرن ئەو مرۆڤانەی لە خۆشەویستی خەڵك و نیشتمان بەبێ گوێدانە ماندووبوون خزمەت دەكەن بە تایبەت لە بواری وەرزش، یەكێك لەم كەسانە مامۆستا پێبۆ خدر قادر، دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانكۆی سۆرانە لە ئێستادا ئەندامی دەستەی كارگێڕی یانەی وەرزشی ڕواندزە.
لە دیمانەیەكی لەگەڵ زاری كرمانجی ناوبراو گووتی: بە پێویستی دەزانم كردنەوەی خول و پاڵەوانێتی لە یارییە وەرزشیەكان بە تایبەت لە سنوورەكەمان كە دەبێتە هۆی پێشكەوتنی یاریە وەرزشیەكان و دڵخۆشی لاوەكانمان، بۆیە ئەگەر هاوكاریم بكرێت بە دڵنیاییەوە خولی هەڵبژاردەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكەمەوە و یاریەكان لە سۆران و ڕواندز بەڕێوە دەبەم، لە زاخۆ تاوەكو خانەقین هەڵبژاردەكان بانگهێشت دەكەم و بەم شێوەی كە پلانم بۆی دارشتووە دەمەوێت ٦٤ هەڵبژاردەی شارەكانی كوردستان كۆ بكەمەوە.
م. پێبۆ نایشارێتەوە و دەڵێت: بۆ ئەو جۆرە چالاكیانە پێویستیم بە هاوكاری ماددی و مەعنەوی دەبێت و بەڵێن دەدەم هەر كاتێك پشتگیری بكرێم دەتوانین لە داهاتوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەین بە سەكۆی فیستیڤاڵ و پاڵەوانیەتیە گەورەكانی وەرزشی لە هەموو كوردستان، بۆیە داواكارم لایەن و دامەزراوەی پەیوەندیدار و كەسە دڵسۆزەكانی وەرزشی هاوكاربن بۆ ئەوەی بتوانین گەورەترین چالاكی ئەنجام بدەین.
جێگای ئاماژە پێدانە ناوبراو لە ڕابردوو زۆربەی كات تێچووی دارایی پاڵەوانێتی و خولە وەرزشییەكانی لە ئەستۆی خۆی گرتووە و لە ئێستادا لە پێناو خۆشەویستی بۆ وەرزش خولێكی وەرزشی لە یاری تۆپی پێ بۆ ٥٧ تیپ لە قەزای ڕواندز كردۆتەوە، تیپەكان لە گشت پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەشداریان كردووە، زۆربەی یاریەكان لە یاریگەی گەردەگەردی قەزای ڕواندز ئەنجام دەدرێن.