شەهلا رەشید- سۆران
مرۆڤ كاتێك ماندوو دەبێت یەكەم شت كە بە مێشكیدا دێت پشوودانە، بۆ نموونە بڕیار دەدەن چەند كاتژمێرێك بخەون، بۆ ئەوەی بتوانن دوای خەو هەڵسان كارەكانیان بە تازەیی ئەنجامبدەن، بەڵام دوای ئەم پشوودانەش هەست بە ماندوویەتی دەكەن.
د. سۆران محەمەد غەریب، پزیشكی پسپۆڕی هەناوی، رۆماتیزم و فەقەرات، دەڵێت” رەنگە زۆر كەس ئەم پرسیارەی لە مێشكیدا بێت دوای 8 كاتژمێر خەوتن هێشتا ماندووم و تێرخەو نەبوومە و هەست بە هیلاكی دەكەم، نوێترین توێژینەوە هۆكاری ئەم ماندووبوونەو و هیلاكییەی دوای چەند كاتژمێر خەوتن دەریخستووە، كە چەند هۆكارێكن پێویستە خۆیان لێی دووربخەنەوە، لەوانەش:
-خواردنەوەی كافایین، وەك قاوە، چا و ماددە وزەبەخشەكان، ئەمانە وا لە مێشك دەكەن بۆ ماوەی 6 كاتژمێر بە چالاكی بمێننەوە.
-ئەوانەی پێش نووستن ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان بەكاردەهێنن، رووناكی ئەم شاشانە وا لە هۆڕمۆنی میلاتۆنین دەكات كاریگەری هەبێت لەسەری و خەو تێكبدات.
-وەرزشكردن، ئەو كەسانەی شەوانە راهێنانی وەرزشی ئەنجامدەدەن، رێژەی ئەدریناڵین بەرز دەبێتەوە و خێرا لێدانی دڵیش زیاد دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی تێكچوونی خەو.