سەردار قازی ـ زاری کرمانجی:
ڕێکخەرانی مۆندیال لە قەتەر پشتڕاستیان کردەوە، کە ڕێگە دەدرێت بەخواردنەوە کحولیەکان پێشکەش بکات “لە شوێنی دیاریکراو لە چوارچێوەی ئاسانکارییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا”.
ئەمە یەکەم جارە کە مۆندیال لە وڵاتێکی موسڵمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەبچێت، کە خواردنەوەی کحول لەرووی ئایینییەوە قەدەخە بێت.
پێگەی ”BBC“ بەڕیتانی بەدواداچوونێکی بۆ ئەم پرسە کردووە لەکاتێکدا، پێشووتر رێکخەرانی مۆندیال گوتیان خواردنەوەی مەی لەنێو یاریگەکانی قەتەر قەدەخەیە.
بەگوێرەی هەواڵی ئەو پێگەیە، رێكخەران تەرخانكردنی ناوچەیەكیان لە دۆحەی پایتەخت بۆ هەواداران پشتڕاستكردەوە، كە توانای وەرگرتنی نزیكەی 40 هەزار كەسی تێدابێت، كە دەتوانن لەو ناوچەیەدا مەی بكڕن.
ناسر ئەلخەتەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مۆندیال لە قەتەر گوتی: ئێمە دەمانەوێت خەڵک بێنە وڵاتەکەمان و ئەزموونێک ببینن کە هەرگیز لەبیریان ناچێتەوە.”
BBC ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات، تا ئێستا دیارنییە ئایا ئەمە لە ناوەوە یان دەرەوەی یاریگە ڕێگەپێدراوە، بەڵام هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە خاوەن بلیتەکان ڕێگەیان پێدەدرێت سێ کاتژمێر پێش دەستپێکردنی یارییەکان و یەک کاتژمێر دوای یارییەکان کهول بکڕن، نەک لە کاتی یارییەکەدا.
ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی نەرمی نواندنی قەتەر بەرجەستەی یاساکان دەکات بۆ مۆندیال. چونکە قەتەر، وەک وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سیاسەتی توند لە دژی خواردنەوەی کهول پەیڕەو دەکات.
لە قەتەر تەنها باڕ و چێشتخانە مۆڵەتپێدراوەکانی هۆتێلەکان ڕێگەیان پێدەدرێت مەی بفرۆشن، بەڵام لە کاتی مۆندیالدا سەردانیکەران ڕێگەیان پێدەدرێت لە فێستیڤاڵی هەوادارانی فیفا لە پارکی “ئەلبی”ـدا ش لە دۆحە کهول دەستەبەر بکەن.
لە مۆندیالی 2019ی یانەکان کە لە دۆحە ڕێکخرابوو و لیڤەرپوڵ جامەکەی بردەوە، ڕێگە بە هاندەران درا مەی بخۆنەوە، بەڵام دەرەوەی شارەکە.
ناسر ئەلخاتەر گوتی شوێنەکانی دیکە “لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکرێن، شوێنی دیاریکراودا بۆ ئەو کەسانە بەردەست دەبێت کە دەیانەوێت کهول بخۆنەوە، بەڵام لەسەر شەقامەکان رێگەپێدراو نییە.”
چاوەڕێ دەکرێت زیارتر لەملیۆنێک هاندەر رووبکەنە قەتەر، ئەلخاتەر ـیش دەڵێت:” پێویست ناکات نیگەران بین لە بەردەستبوونی شوێنی نیشتەجێبوون؛ کە 130 هەزار ژوور لە هۆتێلەکان تەرخان کراوە، کابینە بۆ دوو کەشتی گەشتیاری، هەروەها شوقە و کەمپ لەبیابان ئامادەکراون.”