شەهلا رەشید- سۆران
لیژنەی قائیمقامیەتی قەزای ناوهندی سۆران رێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات و دەڵێت ” بەهۆی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، پێویستە رەچاوی رێنماییەكان بكەن بەتایبەت لەم ماوەیەدا كە خەڵكێكی زۆر بۆ جەژنی قوربان دەیانەوێت ئاژەڵ سەر ببڕن.
مەنسور محەمەد گەردی، ئەندامی لیژنەی ئابووری قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” سەربڕینی ئاژەڵ لە ماڵان بە هەمـوو شێوەیەك قەدەغەیە، سەربڕین تەنیا لەشوێنی رێگەپێدراو دەبیت، پێویستە هاووڵاتییان پابەندی ئەو رێنماییە تەندروستییانە بن، كە لە قەزاو ناحییەكان دەردەچن و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، سزادانی گۆشتفرۆشان بە پابەندنەبوونی رێنماییەكان بە لەبەر كردنی كەلوپەلە خۆپاراستنەكانی وەك ماسك، دەستكێش، جلی تایبەتی خۆپارێزی لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئاژەڵان، گۆشت و خوێنەكەی، هەروەها پێش سەربڕین پێویستە ئاژەڵ بەر لە دوو هەفتە بە دەرمانی تایبەتی رشاندن چارەسەر كرابێت”.
گووتیشی” دوای سەربڕینی ئاژەڵ، شوێنەكە بە گیراوەی كلور و بەكارهێنانی رێژەی 6% لە فاس لەگەڵ ئاو تێكەڵ بكرێت هەروەها پاككردنەوەی كەلوپەلی بەكارهاتوو، پێویستە هاووڵاتییان گۆشتی سوور لە شوێنی رێگەپێدراو بكڕن، دەستەوانە لەدەست بكەن و ئاگاداربن دەستیان هیچ برینێكی لەسەر نەبێت، تەختەی وردكردنی گۆشت و سەوزە لە یەكتر جیا بن، شوێنی لەتكردنەكە خاوێن بكرێتەوە بە ئاوی گەرم و سابوون، شوێنەكە بە ماددەی پاككەرەوە خاوێن بكرێتەوە، كوڵاندنی گوشت لەماوی 30 خوولەك كەمتر نەبێت و بە هیچ شێوەیەكیش نابێت گۆشتی ئاژەڵ تێكەڵ بە یەكتر بكرێت لەكاتی دابەشكردنی لە رۆژانی جەژندا”.
ئاشكراشی كرد” سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕخانانەدا بێت كە رێگە پێدراون و پزیشكی ڤێتەرنەری سەرپەرشتی دەكات، لەكاتی سەربڕین و كەولكردنی ئاژەڵ پێویستە جلوبەرگی خۆپارێزی وەك دەستكێش، جزمە، سەدریەی پلاستیك و ماسكی دەمووچاو لەبەربكرێن هەروەها نابێت كەس لەچواردەوری سەربڕەكە بێت بۆ هاوكاری كردن لەكاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە كردنی گۆشت، دواتر لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەكە و دانانی كیسی داخراو فڕێدانی بۆ شوێنی تایبەت”.
دەشڵێت “باشتر وایە دوای سەربڕینی ئاژەڵەكە گۆشتەكەی بۆ ماوەی ٨ تا ٢٤ كاتژمێر لە پلەی ٤ – ٨ پلەی سەدی هەڵبگیرێت پاشان بەكاربهێنرێت، بەڵام گۆشتی كوڵاو هیچ كێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون، ئەگەر ئاژەڵ گەنە یان مێرووی تری هەبوو باشتر وایە نەیكڕیت یان سەری نەبڕێت بۆ دووربوون لە نەخۆشی تای خوینبەربوون، ئەم نەخۆشییە لەنێوان ئاژەڵەكان دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بەهۆی گەنە و مێرووەكانی كەلەسەر ئاژەڵەكان دەژین.