محەممەد مەحموود- سۆران :
پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ لە زانکۆی سۆران لەسەرەتای مانگی داهاتوو بە کۆتادێت و یاریدەدەری سەرۆکی ئەو زانکۆیە بۆ کاروباری قوتابییانیش، دەڵێت ” ئاستی زانستی خراپ نییە و دەمانەوێت لەرێگەی سیستەمی بۆڵۆنیا ، قوتابییانی زانکۆ کاراتربن و چەقی فێربوون بن”.
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری قوتابییان بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە ١-٧ پڕۆسەی خوێندن لە زانکۆکەمان بە کۆتادێت، تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمیش تەواو بوونە، دەربارەی ئاستی زانستی قوتابییانیشمان بەگشتی ئاستەکەیان خراپ نییە”.
د.رزگار سەعید، گوتیشی” ئێمە لە زانکۆی سۆران سیستەمی بۆڵۆنیا جێ بەجێ دەکەین، ئەمەش وادەکات قوتابی زیاتر چەقی فێربوون و هەوڵدان بێت، دەمانەوێت کوالێتی خوێندن بەرز بکەینەوە و قوتابی سەنتەری فێربوون بێت، بۆ ئەمەش رۆژبەرۆژ ئاستەکەیان بەرەو هەڵکشانە”.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سۆران بۆ کاروباری قوتابییان باسی لەوەشکرد: دەمانەوێت کەسانی بەتوانا و شارەزا بێنینە رانکۆکەمان بۆ ئەوەی ئاستی زانستی قوتابییان و مامۆستایانمان زیاتر بەرز بکەینەوە.