زاری كرمانجی – سۆران :
بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان باس لەوە دەكات كە بۆ ماوەی شەش مانگ هاووڵاتیان سوودمەند بوون لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج، دوێنی وادەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بە كۆتا هات.
كەمال وەرتی بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەش دەڵێ:”بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لە ماوەی رابردوو كەوتنە پشووەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژی دیكە مامەڵەكان بۆ لێخۆشبوون لە قەرزی باج وەردەگیرێت”.
وەرتی روونیكردەوە، باج مافێكی گشتییە و بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ خزمەتی هاووڵاتییان لە خەزێنەی حكومەت خەرج دەكرێتەوە، ئەوەش یەكەمینجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمدا حكومەت بەتەواوی پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خەرجییەكان و دابینكردنی مووچە.
پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریدابوو، هەر كەس و كۆمپانیایەك قەرزی باجیان لەسەرە، ئەگەر لە 90 رۆژدا بۆ حكومەتی بگەڕێننەوە، ئەوا لە زیادە و سزاكانی دواخستن خۆش دەبێ، دواتر بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتییان جارێكی دیكە ئەو بریارەی بۆ 90 رۆژی دیكە درێژكردەوە، هەرچەندە دوێنێ دوا رۆژ بوو بۆ سوودمەندبوون لەو بڕیارە، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لە ماوەی رابردوو كەوتنە رۆژانی پشووەوە، بریاردرا بۆ ماوە 30 رۆژی دیكە هاووڵاتییان و كۆمپانیاكان لەو بریارە سوودمەندبن.