د. ئازا – زاری كرمانجی:
یاریگەی تۆپی پێی سەرووچاوە لە دیانا چەندین ساڵە دروستكراوە و بەردەوام خزمەتی كردووە بە یاریزانانی یانەكان و تیپە میللیەكانی ئیدارەی سۆران، كە لە لایەن یەكێتی لاوان سەرپەرشتی دەكرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەو یاریگەیە لە دۆخێكی خراپ دایە و زۆر پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، چونكە تاكە یاریگەیە كە تیپە میللیەكان و سەدان یاریزانی ئەو سنوورە بۆ مەبەستی یاریكردن بەكاریدەهێنن.
جێگای داخە حاڵی یاریگەكە بە جۆرێكە كە بە كەڵكی یاریكردن نایێت، جگە لەوەی گۆڕەپانی یاری كەڵكی نەماوە، لە شەودا ڕووناكی وەك پێویست نییە و بەشێكی گۆڕەپانی یاری تاریكە، ئەگەر لە ناچاری نەبێت ئەو یاریگەیە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگە پێدراو نییە كە یاری لەسەر بكرێت.
كاپتن سەڵاح و ماموستا ئیسماعیل بۆ زاری كرمانجی دەڵێن: خراپی گۆڕەپانی یاریكردن، هۆكار بووە لە ئازار پێگەیشتن و پێكان بوونی چەندین یاریزان.
كاپتن سەڵاح گوتی: لە ماوەی ڕابڕدوو لەسەر ئەركی خۆم زیاتر لە ٦ هەزار دۆلارم لەم یاریگەیە خەرج كردووە و بەردەوامم لە نۆژەنكردنەوەی بە گوێرەی توانا، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونكە ئەم یاریگەیە زۆر كۆنە جگە لە نۆژەنكردنەوەی چیمەنی یاریگە پێویستی بە دروستكردنی پەیژەكانی دانیشتنی هاندەران و ژووری خۆگۆڕینی یاریزانان هەیە، بۆیە داواكارم لە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كە بەرپرسیاریەتی چاكردن و نۆژەنكردنەوەی یاریگەی سەرووچاوە بگرێتە ئەستۆی خۆی.