سەردار قازی ـ رواندز:
ژمارەیەك دانیشتوی سنووری قەزای رواندز (كۆل) ی ئاو بۆ ئاژەڵە كێوییەكان دروست دەكەن.
لە بناری چیای كارۆخ و لەهەنگاوێكی ئاژەڵدۆستانەدا، كۆمەڵێك لە دانیشتووانی ناوچەكە هەڵساون بە دروستكردنی كۆل ـی ئاو بۆ ئاژەڵی كێوی و ماڵی كە وەرزی هاوێن لەوێ دەمێننەوە.
چیای كارۆخ، یەكێكە لە چیا بەرزەكانی ناوچەكە دەكەوێتە نێوان ڕواندز و دۆڵە ڕەقە “دۆڵی شاوری” كە 2560 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
بناری چیای كارۆخ، ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە ڕووەكی سروشتی كە خەڵكانێكی زۆر سودی لێ دەبینێت، و لە وەرزی بەهاردا ڕووی تێدەكەن. كۆمەڵێ ڕووەكی جۆراوجۆری لێ بەدی دەكرێت و ئاو و هەوایەكی سازگاری هەیە و دڵ و دەروون ئاسودە دەكات هەر ئەمەشە بۆتە هۆی ئەوەی ناوچەیەكی سەرنج ڕاكێش بێت، و گەشتیار بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، بە تایبەت لەوەرزی بەهاردا كە خەڵكانێكی زۆر دەڕۆن بۆ هێنانی گژ و گیاكانی ئەو وەرزە.