شەهلا رەشید – سۆران:
نەخۆشی هەستیاری پێست ” Scabies “، یەكێكە لە نەخۆشییە خۆرانی پێستەكان لە جیهاندا، خورانەكەش بەهۆی دەردراوەكانی مشەخۆرەكەوەیە كە چەندین تونێل لەناو پێستدا هەڵدەكۆڵێت و تێدا دەژیت و هێلكە لەنلویدا دروست دەكات، مشەخۆرەكە دەتوانێت كاریگەری لەسەر هەر بەشێكی پێست هەبێت، بەڵام باوترین شوێنەكان بریتین لە پشت، بۆشاییەكانی نێو پەنجەكان، ئەژنۆ و پشت ئەژنۆ.
لەو بارەوە، د. رزگار عەزەت خان، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی پێست، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” نەخۆشی Scabies لە گەورە و منداڵاندا هەیە، زۆرجار لەوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ، زیاتریش نێوپەنجەكان، بن باڵ، ئەو شوێنانەی كە پێست بەریەك دەكەون و…هتد، نەخۆشییەكە وەك زیپەكە وردەكانە و خوارنێكی زۆریشی لەگەڵە، هەروەها ئەم جۆرەیان گوازراوەیە لە كەسی تووشبووە بۆ كەسێكی دیكە.
گووتیشی” ئەو كەسانەی كە زوو سەردانی پزیشك ناكەن وا باشترە جلوبەرگ و ئەو شتانەی كە بۆ خەوتن بەكاری دەهێنن بۆ ماوەی چەند رۆژێك نەیانشون و بیخەنە بەر هەتاو بۆ ماوەی چەند رۆژێك، هەروەها هەندێك كرێمی دژە خوران بەكار بهێنن تا ئەو كاتەی سەردانی پزیشك دەكەن، بەڵام باشترە هەر لە سەرەتاوە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكەن هەم لە خۆیانەوە دەرمان بەكارمەهێنن و هەمیش بۆ ئەوەی نەخۆشییەكە بڵاو نەبێتەوە و كەسانی دەورووبەریش بپارێزن”.