فەرماندەی فاگنەر سوێندی تۆڵەسەندنەوەی خواردو سوپای ڕووسیا تۆمەتبار دەکات بە کوشتنی ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی
مههدى محهممهد – زاری کرمانجی:
چەندین جار لە ڕێگەی پەیامی جۆراوجۆر، گلەیی لە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا و دەسەڵاتدارانی سەربازی کرد کە وەک پێویست داواکارییەکانیان بە هەندە وەرناگرێت و پێداویستی سەربازیان بۆ دابین ناکرێت. لە کۆتایدا نامە دەنگییەکانی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر (پاڤگینی پریگوژین) تەواو هاوکێشەی پلانی سەربازی پێچەوانە کردووە، لە هێرشکردن بۆ سەر خاکی ئۆکرایناوە بۆ هێرشکردن بۆ سەر چەند یەکێکی سەربازی وڵاتەکەی.
سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا ئاسەواری هێرشێکی مووشەکی نێو سەربازگەکەی نیشان دەدات و دەڵێ : “ڕووسیا بە مووشەک هێرشی کردووەتە سەرمان و ژمارەیەک لە کوڕەکانی ئێمەی کوشتووە، بۆیە لە شەڕێکی نهێنیدا دژی سوپای ڕووسیا “تۆڵە” دەکەینەوە و ئەوانە سزا دەدەین کە بوونەتە هۆکاری کوشتنی سەربازەکانمان.”
هەر لە گرتە ڤیدیۆیەکدا، پاڤگینی بە دەنگێکی بەرز و پڕ لە قینەوە دەڵێ: “ئەمشەو پرسی ئەو خیانەتکار و تاوانبارانە چارەسەر دەکەین کە سووکایەتییان بە ڕووسیا کردووە، ئەوانیش وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپا.”
لە هەمان کات فەرماندەی “ڤاگنەر” ئەوەی ڕەت کردەوە کە ئەو کارەی ئەوان دیکەن کوودەتای سەربازی بێت و جەختی لەوە کردووە کە دەیەوێت سەرکردایەتی”ڕێپێوانێک بۆ دادپەروەری” بکات و ناپاکەکان لا ببات.
پریگوژین هۆشداری دەدات بەوەی هەر کەسێک بێتە سەر ڕێگەیان بە مەترسی هەژماری دەکەن بۆ سەر خۆیان و کاردانەوەی توندیان دەبێت و دەڵێ: “هەرکەس هەوڵ بدات بێتە سەر ڕێگەمان، بە مەترسی هەژماری دەکەین و بە زووترین کات تێکی دەشکێنین، ئیدی هەر بازگەیەکی سەربازی بێت لەبەردەمماندا، یان فڕۆکەیەک بێت بەسەر سەرمانەوە.”
هاوکات دوای نامە دەنگییەکان و گرتە ڤیدیۆیەکانی سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا لە ڕا گەیەنراوێکدا گرووپی ڤاگنەر ی بە هەراسانکەر و بێزارکەر ناو برد و ڕایگەیاند کە تۆمەتەکانیان دوورن لە ڕاستییەوە و دەڵێ :”تەواوی ئەو نامە دەنگی و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دا لەلایەن پریگۆژینەوە بڵاو کراونەتەوە لەبارەی(هێرشی مووشەکیی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیای فیدراڵ بۆ سەر پێگەکانی ڤاگنەر) لە ڕاستییەوە دوورن و زانیاری هەراسانکەرن.
لە بەرامبەردا، لیژنەی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ڕووسیا لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسە هەواڵییەکانی ڕووسیا بڵاوی کردەوە، ڕایگەیاندووە: “ئەو تۆمەتانەی کە بەناوی پریگۆژینەوە پەخش دەکرێن بێ بنەمان. دەزگای ئاسایشی فیدراڵی بە تۆمەتی داوای یاخیبوونی چەکداری لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە”. ئاماژەی بەوەش کردووە دەبێت بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ زیندانی بکرێن.
سەبارەت بە کریملین، گوتەبێژی کریملین، دیمیتری پێسکۆڤ، وتی کە ڤلادیمیر پووتین سەرۆک کۆمار :”لە هەموو ڕووداوەکانی پەیوەست بە پریگۆژین ئاگادارکرایەوە. لە ئێستادا ڕێوشوێنی پێویست دەگیرێتە بەر”.
هەروەها ئاژانسی تاس-ی ڕووسی ڕایگەیاند، ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە مۆسکۆ توندتر کراون و گرنگترین دامەزراوە ژێرخانەکان خراونەتە ژێر چاودێرییەوە.