موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەی چەند ساڵێكە بەشێكی گوندەكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەهۆی وشك بوونی سەرچاوەی ئاو و خراپی تۆڕی دابەش كردن و فراوان بوونی گوندەكان، لە رێگەی تانكەر ئاو بۆ چەندین گوند بەخۆڕای دابین دەكرا، بەڵام ئەمساڵ پڕۆسەكە گۆڕانكاری بەسەرداهاتووە هەر ماڵێك بێ ئاوبێت لە رێگەی پڕ كردنەوەی فۆڕمێك لە بەرامبەر دابین كردنی ئاو مانگانە 7500 دیناری لێ وەردەگیرێت .
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لە سنووری فەرمانگەكەمان 26 گوند بە هۆكاری جیاواز گرفتی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، نوسراومان بۆ چارەسەر كردنی گرفتەكانیان بەرز كردۆتەوە بەڵام تا ئێستا چارەسەریان بۆ نەكراوە، بە ناچارای چەند ساڵێكە لە رێگەی تانكەر ئاویان بۆ دابین دەكەین.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” دابین كردنی ئاو لە رێگەی تانكەر گۆڕانكاری بەسەر داهاتووە، بەشێوەیەك هەر ماڵێك داواكاری دابین كردنی ئاو بەرز بكاتەوە، مانگانە لە رێگەی تانكەر 1000 لیتری ئاوی بۆ دابین دەكرێت و لە بەرامبەریشدا بڕی 7500 دیناری لێ وەردەگیرێت، واتە ئەگەر گوندێك 30 ماڵی لێبێت بۆ دابین كردنی ئاو بە تانكەر دەبێت مانگانە 225 هەزار دینار بدات .
گووتیشی:” دیاری كردنی ئەو بڕە پارەیە هۆكار بووە بۆ ئەوەی خەڵك وەك ساڵانی پێشتر داواكاری دابین كردنی ئاو پێشكەش نەكات، لەسەرەتای مانگی داهاتووش، دەست دەكەین بە دابەش كردنی ئاو بۆ ئەو ماڵانەی پابەند دەبن بە پێدانی ئەو بڕە پارەی دیاری كراوە”.