زاری کرمانجی – چۆمان:
ئەمرۆ سێ شەممە، لە چالاکیەکدا تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە EOD سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، هەڵسا بە لە ناوبردنی زیاتر لە (۳۱٠) مین و پارچە تەقەمەنی جەنگی کە مێژووی دانانەوەیان بۆ شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران دەگەرێتەوە.
راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر, ئاشکرای کردووە:” تەقینەوەکە لە چاڵی تەقینەوە لە چیای بەردەبوک لە سنوری قەزای چۆمان ئەنجام درا. ئەو مین و تەقەمەنیانەی کە ئەمرۆ لە ناوبردران، جۆراو جۆر و مەترسیدار بون، بەشێکیان لە ئەنجامی کاری رۆژانەی تیمەکانی مینلابەری دۆزرابونەوەو ئەوانی دیکەش لە ئەنجامی پەیوەندیکردنی هاوڵاتیان بە تیمی لەناوبردن لە ناوچە جیاجیاکانی سنوری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوای کۆکردنەوەیان لەنێوبردران”.