د. ئازا – سۆران:
خانەی فەرھەنگی شین خانەیەكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی و ھونەری قازانج نەویستی سەربەخۆیە لە سۆران، ستافێكی خۆبەخش سەرپەرشتی و بەردەوامی پێدەدەن لەسەر ئەركی خۆیان، ئەم ستافە خۆبەخشە دەیانەوێ لە بوارەكانی ھونەری و ئەدەبی و ڕۆشنبیری پەرە بە توانای گەنج و لاوانی دەڤەرەكە بدەن و دەرفەتی دەرخستن و نیشاندانی تواناکانیان بۆ برەخسێنن، ئەو بوارانەی کە خانەی شین لە خۆیان دەگرێت و کاریان لەسەر دەکات لە ڕووی ڕۆشەنبیری و وەرزشییەوە پێكھاتوون لە بووك كافێ، كتێبخانە، سینەما، شەتڕەنج.
ڕێکان وەلید، بەرپرسی خانەی فەرهەنگی شین لە بارەی یاری شەتڕەنج بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: لە ڕووی وەرزشیەوە ئێمە گرنگیمان بە یاری شەتڕەنج داوە، چونکە ئەو یاریە یاریەكی هزری و ھونەریە و هۆکارە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بیركردنەوەی تاك و زیادبوونی ھەستی بەرپرسیاریەتی، هەروەها ئامرازێکە کە دەروونی مرۆڤ جێگیر دەكات و ئارامی پێ دەبەخشێت و زیاتر ھۆشیاری دەکات لە كار و كاردانەوەكانی ژیانی ڕۆژانەی، ئێمە لە خانەکەمان بایەخ و گرینگی تایبەت بە یاری شەتڕەنج دەدەین و تاکە وەرزشە لە خانەكەمان بوونی هەبێت، بەڵام جێگای داخە تاوەکو ئێستا دەڤەری سۆران نەیتوانیوە ببێت بە خاوەن یانەیەکی تایبەت بە یاری شەتڕەنج و لە ڕابردوو وەکو پێویست گرینگی پێ نەدراوە لە كاتێكدا ئەم یاریە یاریەكی جیھانی و ئەقڵی و پڕ بایەخە لە زۆربەری وڵاتان وەك وانەی ھونەری و فكری دەخوێندرێ لە قوتابخانە و زانكۆكاندا، چەندین ساڵ بوو ئەو سنوورە بێ بەش بوو لە کردنەوەی خول و پاڵەوانێتی ئەم یاریە بۆ یاریزانن و ھیچ خولێكی فێركاریش نەبوو بۆیان، بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لە ساڵی ٢٠٢١ دوو خولی فێركاریمان بە ھاوكاری (سەنتەری مەلیك بۆ شەتڕەنج لە شاری هەولێر) كردنەوە، دوای دروست كردنی چەندین یاریزان توانیمان لە ساڵی ٢٠٢٢ دوو پاڵەوانێتی گەورە بكەینەوە بە ھاوكاری یەكێتی شەتڕەنجی كوردستان و سەنتەری مەلیك کە بەشێک لە پێداویستی ئەم یاریە لە كاتژمێر و داشەكانی شەتڕەنج بۆیان دابین کردین، لە دوای ئەو دوو پاڵەوانیەتیە بە خۆشحاڵییەوە لە ئێستادا سەرووی ٤٠ یاریزانی ئەم یاریە هەیە لە خانەکەمان و ھەموو شەوانی ھەینی پاڵەوانیەتی ناوەخۆیی ئەنجام دەدەین بە مەبەستی ھاندانی یاریزانان و بەردەوام بوون لە ڕاھێنان و وەرگرتنی ئەزموون و شارەزایی لەسەر چۆنیەتی بەشداری كردنی پاڵەوانیەتیەكان، هەروەها ووتی: لاوانی ئەو ناوچەیە کەسانی بە توانا و سەرکەوتوون ھەر زوو فێری یاریەكە دەبن و زۆر تامەزرۆی ئەم یاریەن، ئێستا ئێمە لەم سنوورە خاوەنی چەند یاریزانێكی لێهاتووین كە توانایان گەیشتۆتە سەروەی (٢٠٠٠) دوو ھەزار پۆینت، بۆیە ئامانجمانە و دەمانەوێت یانەیەكی سەربەخۆ دروست بكەین كە بتوانین بۆ داھاتوو وەک قوتابخانەیەك بین بۆ فێركاری و پێگەیاندنی یاریزانانی شەترەنج لە سنوری ئیدارەی سۆران، لێرەدا دەمەوێت بڵێم پێویستمان بە یارمەتی بەرپرسانی ئەم دەڤەریە کە پاڵپشتیمان بکەن و ھاوكاری یاریزانانی شەتڕەنج بن و سەپۆرتمان بکەن لە دروست كردنی یانەی تایبەت بەم یاریە، چونکە ڕەنگە لە هەندێ وەرزش ئاستی یانەکانی شارەكەمان زۆر باش نەبێ بەڵام دەتوانین بە گرینگیدان بە توانای یاریزانەكان و یاری شەتڕەنج كە تێچووێكی کەمی هەیە ناوی سۆران جوانتر و بەرزتر بكەینەوە و لاوەکانمان زیاتر دەڵخۆش بکەین.
ڕێکان ولید، نایشارێتەوە و دەڵێت: ئێمە ھیچ ھاوكاریەكی ماددیمان نییە و زیاتر لەسەر ئەركی خۆمان خانەكەمان بەرێوە دەبەین، بۆیە زۆربەی جار نەبوونی كاتژمێر و داشەكانی شەتڕەنج بۆ پاڵەوانیەتیەكان كێشە و گرفتمان بۆ دروست دەکات، ئەمەش بووە بە ئاستەنگ بۆمان هەرچەند ئێمە لە چالاکیەکانمان ناوەستین لە داهاتووێکی نزیک نیازمان وایە پاڵەوانێتی نێودەوڵەتی شەتڕەنج لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام بدەین بە بەشداری یاریزانانی عێراق و ئێران و وڵاتانی تر .