زاری كرمانجی- سۆران:
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی خۆیدا هەر رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵیی رەتکردەوە و پێشوازی لە بڕیاری لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023)، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی تیشکی خستە سەر پێشهاتە پەیوەندیدارەکان بە پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لە سەر هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و بەرپەرسیاریەتییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور و ئەو رێککەوتنانەی واژۆ کراون جێبەجێ کردووە. بەڵام لە دەرەوەی دەستوور و ڕێککەوتننەکان، دەستکاری بابەتە پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکان کرا کە لە رووی دەستووریەوە، گۆڕانکاریی لە رێکەوتننامەی هاوبەشی نێوان هەردوو حکومەتی فیدڕاڵیی وهەرێم رێگاپێدراو نییە.
ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات، کە لە کاتی جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی بودجە لە دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی، هەروەک سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بەڵێنیداوە، پێداچوونەوە بکات بە بڕگە و ماددە هەموارکراوەکان کە تا چەند لەگەڵ کارنامەی حکومەتی فیدرال دەگونجێن و تاچەند شایانی جێبەجێکردنن وپێویستە میکانیزمی شیاو بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەکانی هەرێم دابنرێت و هەر رێکارێکی جیاکاری لە دژی هەرێمی کوردستان رەت دەکەینەوە، چونکە هەرێم پابەندییە دەستووریەکانی خۆی بەجێگەیاندووە و هیچ بیانوو و پاساوێکیش بۆ هەر رێکارێکی جیاکاریی بەرامبەر هەرێمی کوردستان نەماوە، بە تایبەتیش پاساوی نەوت کە پێشتر هەمیشە دەکرایە بیانوو بۆ نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و بێبەشکردنی لە شایستە داراییەکانی، بۆیە ئێستا ئەرکە لەسەر حکومەتی فیدڕاڵی، یاسای بودجە جێبەجێ بکات و تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێم خەرج بکات لە پێش هەمووشیەوە تەرخانکراوی خەرجی مانگانەی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و هێزەکانی پێشمەرگە بە گوێرەی ئەو ژمارانەی لە ناو خشتەکانی بودجەدا جێگیرکراون لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە.
لە بڕگەی دووەمدا، لەلایەن ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە، گفتوگۆ لەبارەی رەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسا و پەیڕەوانە کرا کە تا ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لە سەر نەدراوە لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەویش بە رەچاوکردنی پلانی تەشریعیی کابینە کە لە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری ئەم کابینەیەدا هاتبوون و لەم رووەوە، هەڵسەنگاندنی پێویست کرا لەبەر رۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییە. ئەنجومەنی وەزیران، وەزیرەکانی راسپارد بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو پێشنیازەکانیان لەمبارەیەوە بخەنەڕوو.
لە بڕگەی سێیەمدا، گفتوگۆ لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستوور لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ و جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور – لجنە شۆون الشمال)ی هەڵوەشاوە تایبەت بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکووک كرا.
ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور دەکات و دەستخۆشی لە دوا نووسراوی لیژنەکە دەکات بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری کوژاندنەوەی زەوی کشتوکاڵی کورد و تورکمان و ڕاگرتنی نوێکردنەوەی گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ هاوردەکراوان، بەڵام لەمە گرنگتر جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەیە بە کردارەکی و راگرتنی خێرای هەموو ئەو ناڕەواییەی بەرامبەر بە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکرێت لەو ناوچانە، کە هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستوویی نییە.
ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەی وەزاریی تایبەت بە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ ڕاسپارد کە کۆبوونەوەی پێویست ئەنجام بدەن و بە هەماهەنگیی لە گەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدواداچوونی خێرا بکەن بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و لیژنەی فیدڕاڵیی تایبەت بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەندیدارە بە کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و تورکمان کە ڕێگرییان لێ دەکرێت.
بڕگەی چوارەم و کۆتایی خستنەڕووی بابەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و تەندروستی بوو.
لەمبارەیەوە، دارا رەشید وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بەوەکالەت و سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، لە دوو راپۆرتی جیادا، رێکارەکانی خۆپارێزی و سەلامەتیی هاووڵاتییان لە کاتی قوربانیکردنی ئاژەڵ لە سەروبەری نزیکبوونەوەی جەژنی قوربان خرایەڕوو، ئاماژە بەوەدرا کە حکومەتی هەرێم هەر زوو بوودجەی پێویستی بۆ هەردوو وەزارەت تەرخانکردوو و هەڵمەتێکی بەرفراوانی هۆشیارکردنەوەش دەستی پێکردوە.
ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە رێکارەکانی خۆپارێزیی هەردوو وەزارەت، لەهەمانکاتدا داوای لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەندبن بە ڕێنوێنی و ڕێنماییەکانی خۆپارێزیی و بەتایبەتیش لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی ئایینی تایبەت بە قوربانیکردنی ئاژەڵ، تا سەلامەتی و تەندروستیان پارێزراو بێت.