ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 21ـی حوزه‌یرانی 2023، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران به سه‌رپه‌رشتیی مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران كۆ ده‌بێته‌وه.
دكتۆر جووتیار عادل ڕای گه‌یاند، ته‌وه‌ری یه‌كه‌می كۆبوونه‌وه‌كه تایبه‌ت ده‌بێت به خستنه‌ڕووی دواپێشهاته پێوه‌ندیداره‌كانی په‌سندكردنی یاسای بودجه‌ی عێراق و لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌وه‌یشی گوت، له ته‌وه‌ری دووه‌مدا، باس له ڕه‌شنووسی ئه‌و پڕۆژه‌یاسا و پێڕهوانه ده‌كرێت كه تا ئێسته ده‌نگدانی كۆتاییان له‌سه‌ر نه‌كراوه.
”ته‌وه‌ری سێیه‌م تایبه‌ت ده‌بێت به بابه‌تی كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140 له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق”. دكتۆر جوتیار عادل وای گوت.
ته‌وه‌ری چواره‌م و كۆتایی، بابه‌تی نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون و ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌لایه‌ن هه‌ردوو وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌خرێنه ڕوو.