نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە هانس سادنی، باڵوێزی هۆڵەندا لە عێراق كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا کە پێشنیوەڕۆی، ئەمڕۆ چوارشەم بەڕێوەچوو، پتەوكردنی پێوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ هۆڵەندا، دوایین پێشهات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە بە گشتی و دۆخی ئاوارەكان لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستان، خرانە بەر باس و گفتوگۆ.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی، هیوای سەركەوتنی بۆ خواست و پشتگیریی هەرێمی كوردستانی بۆ كار و چالاكییەكانی پێشان دا.
ئەو هەروەها سوپاسی هاوكارییەكانی هۆڵەندای بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتی لە بواری هەمەچەشنكردنی سەرچاوەكانی ئابووری و پێشخستنی كەرتی كشتوكاڵ.
هاوکات باڵوێزەکەی هۆڵەندا، وێڕای دهربڕینی خواستی وڵاتهكهی بۆ پتەوكردنی زیاتری پێوەندییەكانی لهگهڵ عێراق و ههرێمی كوردستان، بەردەوامیی هاوكارییەكانی بۆ سەقامگیریی عێراق و هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە و هاوكارییەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ ئاوارە و پەنابەران بەرز نرخاند.
تاوتوێكردنی دۆخی مافی مرۆڤ، كاری ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند بابەتێكی تری جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو كە كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو.