كاتژمێر 9ی سەر لە بەیانی دوێنی هەوڵی تیرۆر كردنی كادیرێكی دیاری یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەدرێت و بەسەختی بریندار دەبێت، تا ئێستا هۆكار و كەسەكانی ئەم كارەیان كردووە ئاشكرا نەبووە.
مەكتەبی سكرتاریەت، یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لەم بارەیەوە بەیاننامەیەكیان دەركردووە و وێڕای ئیدانە كردنی ئەم كردەوەیە، داوا لە لایەنە پەیوەندارەكان دەكەن بە زووترین كات بكەرانی ئەم كردەوەیە ئاشكرا بكەن.
دەقی بەیاننامەكەی مەكتەبی سكرتارییەتی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان:
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رێكەووتی ٦/٢٠ كاتژمێر ٩ لە رووداوێكی تیرۆرستی دا دەست رێژی گووللە لە كادرێكی ناوەندی باڵای چەمچەماڵ سەر بە یەكێتیەكەمان دەكرێت بەناوی (سەرهەنگ ئەنوەر) لەلایەن دەستێكی ڕەش و نەناسراو هەوڵی تیرۆركردنی دەدرێت.
وێڕای ئیدانەكردن و شەرمەزاری كردنی ئەو رووداوە، داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەزگاكانی ئاسایش و ئیدارەی شاری چەمچەماڵ دەكەین بەزووترین كات بكەر و داڕێژەری ئەو پیلانە ئاشكرا بكرێت و بدرێتە دادگا، لەئەگەری كەمتەرخەمی و هێنانەوەی پاساو ئێمە لە یەكێتی لاوان هەڵوێستی جدی و مەدەنیانە دەگرینە بەر بۆ پاراستنی گیان و شكۆی هەر كادرێك و ئەندامێكی لاوان لەهەر جێگایەك بێت.
جێگای باسە چەندین جارە كادرانی لاوان رووبەڕووی تەنگەژە وگێجەڵپێكردن و ڕەشبگیری و كۆتا جاریش تیرۆر دەبنەوە لەو سنورە، كاروانی خزمەتكردنی لاوانی كوردستان لای ئێمە بەردەوامە، بۆیە هیچ شتێك ڕامانناگرێت و نابێتە هۆكاری ترساندن و تۆقاندمان.