مەحموود محەمەد مەجید
بەشی یەكەم :
گوتاری ئایینی قسەیەكی زەبەلاحی دێوەزمە نییە، لە تارمایی بیخەیتە ناو كۆمەڵگا، قسەو گوتەی هەنگویناوی خەیاڵی سیاسی نییە، پێشنیاری بێ بنەمای زانستی و لێكۆڵینەوە نییە، زیندە خەونی هەرزەكارانە نییە، عاتیفەو سۆزی ئەویندارانە نییە، خۆ هەڵكێشان و پیشاندانی بازوو و عەزەلات نییە، پەیامی تاك و زێدەی توڕەیی و ئیرەیی و تۆڵەبازی نییە، گاڵتەجاری بەرابردوو نییە،سفر كردنی ئێستا نییە، رەشبینی و نائومێدی ناشتن نییە لە رێگاو دیدی دۆستان، بە كورتی فەوزا نییە.
گوتاری ئایینی پەیامێكی بەرزی پیرۆزە، ئامانجی زۆر بەرز لەخۆ دەگرێت، لەسەر بنەمای شەریعەتی خودا هەڵقولاوە، پەیامێكە بە تێگەیشتنی وردی (وَمَا أَرْسَلْنَا قَبْلَكَ إِلاَّ رِجَالاً نُّوحِي إِلَيْهِمْ فَاسْأَلُواْ أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لاَ تَعْلَمُونَ ) و ( وَالرّاسِخُونَ فِي الْعِلْمِ يَقُولُونَ آمَنّا بـِهِ كُلٌّ مِنْ عِنْدِ رَبِّنا)
بۆ مرۆڤایەتی لەسەر بنەمای حیكمەت و دانایی (ادْعُ إِلَي سَبِيلِ رَبِّكَ بِالْحِكْمَةِ وَالْمَوْعِظَةِ الْحَسَنَةِ وَجَادِلْهُمْ بِالَّتِي هِيَ أَحْسَنُ إِنَّ رَبَّكَ هُوَ أَعْلَمُ بِمَنْ ضَلَّ عَنْ سَبِيلِهِ وَهُوَ أَعْلَمُ بِالْمُهْتَدِينَ).
بە شێوازی رەوشتی بەرزی پێغەمبەرمان (وَإِنَّكَ لَعَلَي خُلُقٍ عَظِيمٍ) . بەڵێ رەشەبای توڕەیی ئاست نزمی هەرزەكار و نەخوێندەواران نییە، جوێن و تانەو تەشەر نییە، خۆ نزمكردنەوە نییە بۆ ئاستی جاهیلیەت، گۆرانیەك نییە خەڵكێكی پێ مەست بكەیت و سەرچۆپی ئامانج بێت، شیوەنی كەلە پیاوێك نییە دوای سێ رۆژ سارد بێتەوە، بەلێ دڵداریەكی شێتانە نییە فەوزا نییە.
گوتاری ئایینی پەیامی خودایە لە رێگای خواناسان دەگەیەندرێت بەدڵی بەندەكانی خودا، بۆ خۆشەویستی خوداو پەرستنی خودا، لە خۆشەویستی خودا ئیلهامی خۆشەویستی وەربگرێت بۆ هەموو بونەوەرەكانی خودا.
گوتاری ئایینی پەیامی برایەتی و لێبوردەیی و خۆشەویستییە، مرۆڤایەتییە، دوور لە دەمارگیری رەگەز و مەزهەب و نەتەوە، ئاوە بۆ تێنووەكان، نانە بۆ برسیەكان، هیوایە بۆ رەشبین و بێزارەكان، دەستی دایكە بۆ سڕینەوەی فرمێسكەكان، بازووی باوكە بۆ كاركردن، ئومێدە بۆ گەنجان، قوربانیدانە لە پێناو بەختەوەری و ئاوەدانی، هەموو شتێك لە پێناو مرۆڤ، مرۆڤیش چاك وپاك و بەندە بێت بۆ خودا.. بەڵێ قسەی زلی سیاسی و لێكدانەوە و تەفسیری بێ سەرچاوەی زانستی نییە.
گوتاری ئایینی هاوسەنگ، پەیامی شارستانییەت و پێشكەوتنە، پێكەوە ژیانە، نەك بەرژەوەندی خەڵكانێك وەك مەعبەدی ئاموون، پەیامی كرانەوە وپێشكەوتنی تەكنەلۆژیایە نەك تا ئێستا كێشەی ریش و ناو لینگی ئافرەت.
گوتاری ئایینی ئازاد كردنی عەقلە، فێركردنی بیركردنەوەیە، بۆ گۆرانكاری ریشەیی، چونكە تا مرۆڤەكان بە عەقڵ و هزر ئازاد نەبن لە سەر بنەمایەكی زانستی لە خوڕافیاتی نەفامی دەمارگیری بۆ كەلتووری نامۆو بیرۆكە نەخۆشەكان و بوون كۆمەڵێك ئەفسانەی بێ بنەما هەرگیز ئازاد نابن، وەك مرۆڤ رەفتار ناكەن، بۆیە ( ئەوەی وەك مرۆڤ بیرنەكاتەوە،وەك مرۆڤ رەفتار ناكات و ناژیت وەك مرۆڤیش نامرێت) .
بەداخەوە هەندێ گوتاری ئایینی لە كوردستان، لە نەخۆشخانەی تەواری دەچێت، قیژە قیژ و هاوارەكی زۆر. ئامانج و مەبەستێكی نزم، تەنها وەك فیلمێكی یەك كاتژمێری چەند پاڵەوانی فیلم و موجریمێك دروست دەبن و زووش لە زهنیەتی خەڵك لا دەچێت و لەبیر دەكرێت، چونكە زیاتر هەمووی لە ئەنجامی رەد فعلن و توڕەییەكی هەرزەكارانەیە لە بەرامبەر ناماقوڵی هەرزەكارێك یان قەلەمێكی سەرخۆش یان قەلەمێكی جاش.