پشتیوان کەریم- سۆران:
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندیەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەزاری کرمانجی راگەیاند:” لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنووری ناحیەی خەلیفان بڕیاری دەستپێکردنی چەند پڕۆژەیەکی داوە و چەندین پڕۆژە تەواوکراون و هەندێکی دیکەشیان لە بواری جێبەجێکردندان کۆی گشتی تێچووی پڕۆژەکان (1 ملیار و 477 ملیۆن دینار)ە کە بەشێکیان پڕۆژەی تەواوکراون و بەشێکی دیکەشیان پڕۆژەی نوێن کە پێکهاتوون لە: دروستکردنی ڕێگا و قیڕِتاوکردنیان و ئاو و ئاوەڕۆ، کۆنکرێت و دروستکردنی ڕێگای بازاڕ بۆ بناری کۆڕەک”.
هەژار حەکیم، ئاماژەی بەوەشکرد:” پڕۆژەکان بریتین لە دروستکردنی جۆگەی کراوە و ئاوبەڕی لوولەیی کۆنکرێتی و فەڕشکردنی تێکەڵەی جۆری(بی) لە گەڕەکی شەهیدان و کۆنکرێت کردنی چەند شەقامێک لە گەڕەکی زارگەلی و ڕاپەڕین، دروستکردنی شەقامەکانی گەڕەکی شەهیدان و ئامادەکردنی بۆ قیڕتاوکردن کە مەودای(٢٧٥٠٠)م٢، هەروەها کۆنکرێتکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی ڕاپەرین و زارگەلی بە مەودای (٨٧٠٠)م٢ لەگەڵ دروستکرنی شەقامی یاریگاو ناوەندی وەرزش و لاوان لە گەڕەکی بناری کۆڕەک و ئامادەکردنیان بۆ قیڕتاوکردن، کۆنکرێتکردنی چەند کۆڵانێک لە گەڕەکی باویان، دروسکردنی جۆگەی کراوە بە پێوانەی (١*١)م و ئامادەکاری کۆنکرێتی بە مەودای(٢٠٠٠)م٢ و لە چەند کۆڵانێکی زارگەلی و قیرتاوکردنی شەقامێک بۆ چەند ماڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت لە ناحیەی خەلیفان.