زوهری جەبەلی ئێدڵبی
بەر لە دامەزراندنی دەزگای زاری کرمانجی، چەند کەسێک کە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، نەیاندەزانی راگەیاندن چییە؟
کردنەوەی دەزگای زاری کرمانجی، کردنەوەی دەرگایەکی پڕ خێر و بەرەکەت بوو بۆ بزاڤی راگەیاندن و رۆشنبیری لە دەڤەری سۆران بە هەر پێنج قەزا و ناحییەکانیەوە، کردنەوەی دەرگای رۆشنبیری بوو لە دەڤەری شۆڕش و بەرخۆدان و قوربانیدان، لە دەڤەرێک کە بە درێژایی مێژوو، تەنیا دەنگی دۆشکە، کلاشینکۆف، ئا پی چی و تۆپ و فڕۆکە بیسترا بوو، تەنیا رەنگی سووری خوێن بینرا بوو، تەنیا ئاوارەیی و دەربەدەری ژیانیان بوو.
دەزگای زاری کرمانجی رۆڵی زانینگەهەکی گێڕا لە پێگایاندنی دەیان راگەیاندنکاری بە توانا کە ئێستا لە دەزگاکانی راگایاندنی نێودەوڵەتی کار دەکەن، بووە هۆی ئاشنا بوونی هاوڵاتیان بە کاری رۆژنامەگەری و کاری رێکخراوەیی و دامەزراندنی چەندین رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، بووە هۆی ئاشنا بوونی خەلکانێک بە دەڤەری سۆران و کۆ کردنەوەی نووسەر و رۆشنبیر و رەخنەگری تەواوی کوردستان لە یەک ماڵدا.
هەفتەنامە و رادیۆی زاری کرمانجی تاکە مینبەری بێڵایەنی بڵاوکردنەوەی رای نووسەران و وتارە رەخنەییەکان بوو، بووە هۆی بەرز کردنەوەی دەنگی هاوڵاتییان بە دەستهەڵات، پردێکی راستەقینە بوو لە نێوان ئەو هاوڵاتیانەی دەنگ و رەنگیان نەدەگەیشتە شوێنی مەبەست و، دەیان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە هۆی راپۆرتەکانی زاری کرمانجییەوە جێبەجێ کراون.
سەکۆیەک بوو بۆ دەنگی دڵێر و ئەو دەنگانەی دەمێک بوو پڕ ببوون لە گلەیی و گوێیەکیان شک نەدەبرد قسەیان بۆ بکەن.
کارمەندانی ئەم دەزگایە زۆر جار بە خۆبەخشانە یان بەرانبەر بڕە پارەیەکی کەم، لە بینایەکی شوڕی کۆن، لە ژوورە درز دراوەکان، لە پشت کومپیۆتەرێکی دێسکتۆپی بچووک، لەسەر مێزێکی رزێوی بێکەلک، گەورەترین و جوانترین کاری راگەیاندنیان دەکرد، ئەو مێز و کومپیۆتەرانەی لە زاری کرمانجی جوانترین ئیشی لەسەر دەکەن، بچووکترین بەرپرس رێگە نادات لە ژووری مەخزەنیش دابنرێن.
زاری کرمانجی بە هەموو بەشەکانیەوە پێویستییەکی هەنۆکەیی گرنگە بۆ دەڤەری سۆران و پارتیش باش لەوە گەیشتووە و پێویستە گرنگییەکی زۆر پێبدات و بیکاتە دەزگایەکی بەرفراوانی کوردستان.