شەهلا رەشید- سۆران
مانگی شەش هۆشیاری جیهانییە بۆ لەجێ چوونی زگماكی ئێسكی حەوزی منداڵ، بەڵام هۆشیاری بۆ تەندروستی منداڵ تەنها ئەم مانگە نییە، بەڵكو پێویستە دایكان هەمیشە ئاگاداری تەندروستی منداڵەكانیان بن بۆ ئەوەی منداڵێكی لەش شاغیان هەبێت.
د. محەمەد حەسەن، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان، بە زاری كرمانجی راگەیاند” مانگی شەش بە مانگی هۆشیاری جیهانی دادەندرێت بۆ لەجێ چوونی زگماكی ئێسكی حەوزی منداڵ (DDH)، ئەمەش تا رادەیەك لای ئێمە فەرامۆشكراوە، بۆ ئەوەی منداڵەكانمان دوور بن لەم گرفتەكانی ئیفلیج یان دەرچوونی ئێیكی حەوز، پێویستە زۆر ئاگادار بین هەر منداڵێك لە دایك دەبێت هەفتەی یەكەم پێویستە هەموو پشكنینەكانی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی دووربن لەم گرفتانە و ئەگەر كێشەیەكیان هەبێ زووترین كات چارەسەر بكرێت، چونكە لە تەمەنی كەم زۆربەی چارەسەرییەكان بۆ كۆرپە ئاسانترن.
گووتیشی”داوا لە دایكان دەكەم كاتێ كۆرپەكەیان دەبەنە لای هەر پزیشكێك بۆ پشكنین ئەوا پێی بڵێن پشكنینی حەوزییان بۆ بكەن، زۆرجار بەدەستلێدان لە هەردوو پێی لای حەوزی منداڵ دەتوانن پشكنین بكەن ئایا كێشەی هەیە لە دەرچوون و جومگەی حەوزی یاخود نا، ئەگەر كێشەی هەبوو ئەوا بەزووترین كات پێویستە سۆنەری بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی زوو چارەسەری بۆ بكەن چونكە لەم تەمەنە چارەسەرییەكەی تا رادەیەك ئاسانە بەڵام ئەگەر گەیشتە تەمەنی سەروو یەك یان شەش مانگی ئەو كات چارەسەرییەكەی زۆر قورس دەبێت.