پشتیوان کەریم- سۆران:
بەڕێوەبەری دانەوێڵەی سۆران لەبارەی دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانەی هاووڵاتییان، بە زاری کرمانجی راگەیاند: ئەمساڵ لە کۆی شەش مانگ تەنها ئاردی چوار مانگ بەسەر بریکارەکانی خۆراکدا دابەش كراوە.
مکایل مەجید، روونیشیکردەوە:” هۆکاری زوو دابەش نەکردنی ئارد بەسەر هاووڵاتییان بۆ حکوومەتی ناوەند دەگەڕێتەوە بە چەند قۆناغێک دانەوێڵە بۆ ئاشەکان دەنێرێت هەر جارێک بڕی 25% بووە بەمەش وایکردووە وەک پێویست هەموو بەیەکەوە دابەش نەکریت.
ئەوەش دەخاتەڕوو: لە 14ی مانگی چواری ئەمساڵ لەسەر لیستی مانگی پێنج ئارد دابەش دەکرێت، هەروەها بۆ مانگی چواری ئەمساڵ سنووری ئیدارەی سۆران پێویستی بە سێ هەزارو 283 تۆن ئارد هەیە، بەسەر 290 بریکاری سنووری ئیدارەی سۆران دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش بكەن.