شەهلا رەشید- سۆران
گەنجێكی گۆرانیبێژی كورد بێ ئەوەی ماندوو ببێت دەستی لە ئامانجەكانی هەڵنەگرتووە، هەر لەسەرەتایی كۆچكردنیشی بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوام سەرقاڵی كارە هونەرییەكانی بووە.
هەژار ساڵح، گۆرانیبێژی لاو، لە دیمانەیەكی زاری كرمانجی، باس لە كارەكانی دەكات و دەڵێت” لەساڵی 2012 تا 2018 لە هەرێمی كوردستان سەرقاڵی كاری هونەری بووم و یەكەمین گۆرانیم بەناوی هەستی نامۆیی بڵاوكردەوە، هەروەها ئەلبومێكم هەبوو لە 12 گۆرانی پێكهاتبوون، پەیڤ و ئاوازەكانم هی خوشكم بوون بەناوی مەعسومە ساڵح، زۆر یارمەتیدەرم بووە و مێلۆدی و مۆزیكیش خۆم ئەنجامم دەدان”.
گووتیشی ” ساڵی 2018 دەرفتم بۆ رەخسا و داوای ڤیزای ئەمریكام كرد و كۆچم كرد، سەرەتا كە كوردستانم جێهێشت هەستێكی زۆر ناخۆشم هەبوو، دووركەوتن لە نیشتمان و خێزانەكەم، هەروەها ئاشنابوون لەگەڵ كلتوور و خەڵكێكی نوێ ئەمانە سەرەتا قورسن بۆ مرۆڤ، بەڵام پێویست بوو ئەو ئامانجەی كە هەمە بەرچاو بگرم، ئەوەبوو لەوێ خانمی گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی كوردستان باران، منی بە گۆرانیبێژی بەنێوبانگی فارس شەهبال شەبپەرێ، سەرپەرشتیاری گروپی Black cats ناساند”.
دەشڵێت ” لە سەرەتای ئەو مانگەی كە چوومە ئەمریكا و لەگەڵ شەهبال شەبپەرە قسەمان و كرد و راستەوخۆ پێشنیاری كاركردنەكەی بۆ نێو ئەم گروپە پێیدام و دەستم بە كارە هونەرییەكانم كرد، بۆ كاركردن لەگەڵ ئەم گروپەش پەیوەندی بەوە هەیە كە چۆن لەگەڵ سەرپەرشتیاری گروپەكە رێكدەكەوی، بەشێك لەو گۆرانیبێژانەی كاریان لەگەڵ كردووە گرێبەستییان هەبووە و بەشێكیشیان نەیانبووە، من هیچ گرێبەستێكم نەبووە لەگەڵیان، لەبری ئەمە پەیوەندی و كاركردنمان پێكەوە زۆر باش بوون، ئەوان هەندێك بەرنامەیان هەبوو كە نەدەبا لەم چوارچێوەیە دەربچم، ئەمەش نەك تەنها بۆ من بەڵكو بۆ هەموو ئەو گۆرانیبێژانەش بووە كە كاریان لەگەڵ كردووە”.
ئاماژەی بەوەشدا ئەو ماوەی كە لەگەڵیان بووم گۆرانییەكی تایبەت بەناوی (كوردستان)م بڵاوكردەوە و جگە لەمەش گۆرانییەكی دیكەشم لەگەڵیان هەبوو بە هەردوو زمانی كوردی و فارسی و لە هەموو گۆرانییەكانیش ئاماژەم بەوە كردووە كە كوردم، سەرپەرشتیاری گروپەكەش ئەمەی پێخۆشبوو كە ئاماژەم بۆی دەكرد”.
ئەم گۆرانیبێژە گەنجە، زیاتر گووتیشی” پێش هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا نزیكەی 7 كۆنسێرتی گەورەمان سازكرد لە وڵات و شارە جیاجیاكان، لە هەموو ئەمانەشدا بە شانازییەوە گۆرانی كوردیم گووتووە و هەم هاوكارانم هەمیش هەوادارەكان زۆر بەدڵیان بووە، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئەو گرفتانەی لە وڵاتی ئێران هاتنە پێش هەندێك كێشە لەڕووی هونەرییەوە بۆمان دروستبوون، هەنگاوی هونەر لە هەموو جیهان و تایبەت لە وڵاتی ئێران بەرەو لاوازی چوو و نزیكەی پێنج كۆنسێرتمان هەبوون دواخران، هەموو ئەمانەش زیانی پێگەیاندین، لەماوەی كاركردنم لەگەڵیان ئەلبۆمێكمان بڵاوكردەوە بەناوی Sunrise cats كە لە 12 گۆرانی پێكهاتبوو، جگە لەمەش چەند گۆرانییەكی دیكەشمان هەبوونە بە شێوەی ڤیدیۆ كلیپ”.
سەبارەت بە كاركردنی وەك گەنجێكی كورد لەگەڵ ئەم گروپە و ناسینی گۆرانیبێژەكانی دیكەش ئاشكرای كرد” بەگشتی هەڵسوكەوتیان لەگەڵ من زۆر باشبوو، كورد بوون لای فارسەكان شتێكی زۆر جوانە و لە دڵەوە كوردیان خۆشدەوێت، ئەوان هەمیشە دەڵێن” كوردەكان زۆر ئازا و دلێرن، تێگەیشتوو و بەوەفا و ویژدانن، ئەوان وەك نەتەوەكانی دیكە نین كە لەسەر سفرەی تۆ نان بخۆن و سفرەكەت بدڕێنن” بۆیە تایبەت سەرپەرشتیاری گروپەكە زۆر لەگەڵم ئاسوودە بوو و هەمیشە دەیگووت لەنێو ئەم گروپەدا كاركردنم لەگەڵ دوو كەس زۆر ئاسوودە و خۆشبووە كە یەك لەوان من بووم و ئەوەی دیكەشیان كوردی رۆژهەڵاتی بوو، بۆیەش پەیوەندییەكی باشمان هەبوو و زۆر رێزی لێدەگرتم، بەڵام دوای پێنج ساڵ كاركردنم لەگەڵ ئەم گروپە بە ئەزموونە ئێستا بڕیارمداوە لەمەودوا بۆ خۆم كار بكەم و بەرهەمی نوێم هەبێت، زیاتر گۆرانی كوردی دەڵێمەوە وەك پێشتر و بەشێوازێكی نوێتر.