محەممەد مەحموود- رواندز:
پڕۆژەی قیڕتاو كردنی رێگای گوندی كەڵێتە لە ناحیەی وەرتێی سەر بەقەزای رواندز گە یشتۆتە قۆناغی قیڕكردن و بەتەواو بوونیشی خواستی دانیشتووانی ناوچەكە دێتە دی.
لەم بارەیەوە موسڵیح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ بە زاری كرمانجی راگەیاند” پڕۆژەی قیڕتاوكردنی رێگای گوندی كەڵێتە لە سنووری شارەدێی وەرتێ، گەیشتۆتە قۆناغی قیڕكردن، ئەو پڕۆژەیە خزمەتێكی زۆرباش بە دانیشتووانی گوندی كەڵێتەو گەڕەكی بەڕۆژ لە ناحیەی وەرتێ و ئەو كەسانە دەكات كە لەوەرزی هاوین دەگەڕێنەوە سەر زەوی و زارو باخچەكانیان، سوودەكەی بەتەنها بۆ دانیشتووانی گوندی كەڵێتە نییە “.
بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێ گوتیشی” گوژمەی پڕۆژەكە نزیكەی یەك ملیاردینارە ، بە شێوەی بەڵێندەرایەتی و لە سەر بودجەی پەرەپێدانی ئێدارەی سەربەخۆی سوران و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی سۆران ، جێبەجێ دەكرێت، درێژی رێگاكەش ٧ كم “.
وابڕیارە سبەی دووشەمە ١٩-٦سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەردانی پڕۆژەی گوندی كەڵێتە بكات لە سنووری ناحیەی وەرتێ