زاری كرمانجی-سۆران
دوای شەڕی داعش و ناساقامگیرییەكانی ناوچەكانی ناوەڕەستی عێڕاق بە هەزاران خێزانی ئاوارە روویان لە شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران كرد، تا ئێستا بەشێك لەو خێزانانە نەگەڕاونەتەوە، ئەوانەی دەشگەڕێنەوە ناوی خۆیان تۆمار ناكەن.
وەك بەشێك لە ئاوارەكانی عێراق لە شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران باسی لێوەدەكەن ” لەوەتەی روومان لە هەرێمی كوردستان كردووەو لە سۆران نیشتەجێین، هەست بە ئارامی زۆر دەكەین و بووینەتە خاوەن ئیش و كاری خۆمان و ژیان و بژێومان بەڕێوەدەبەین، لەگەڵ ئەوەشدا خۆشبەختانە خوێندنی منداڵەكانم نەفەوتاوەو بەردەوامن، ئەوەش جوانی و پێگەی هەرێمی كوردستان و نموونەی مرۆڤ دۆستی و پێكەوە ژیانە”.
ئەو ئاوارانە نیگەرانیشن لەوەی لە بری ئەوەی حكوومەتی عێڕاق دەستی هاوكاریان بۆ درێژبكات، كەچی زۆربەیان خۆراكی مانگانەشیان پێنادرێت بە بیانووی ئەوەی دەبێت بگەڕێنەوە شارو شارۆچكەو ناوچەكانیان، كەچی دەڵێن ” ئارامی و سەقامگیری هەرێمی كوردستان لە هەمووی گرنگترەو تا ئێستا خواستی گەڕانەوە ناكەین.
لای خۆیەوە عەباس ئەمیر، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران و ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكانی ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند، دوای شەڕی داعش و ناساقامگیرییەكانی ناوچەكانی ناوەڕەستی عێڕاق بە هەزاران خێزانی شارو شارۆچكەكانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، روویان لە شارو شارۆچكەكانی ئیدارەی سۆران كرد، لەوانەش بەشێكیان لە كەمپەكان نیشتەجێكران، بەشێك لەو ئاوارانەش خانوویان بۆخۆیان گرتبوو هاوشێوەی دانیشتووانی ناوچەكە دەستیان كرد بە كارو كاسبی و بەڕێكردنی ژیانیان لە كەشێكی ئارام، دوای ئازادكردنەوەی شارو شارۆچكەكانیان لە داعش، جارێكی دیكە ئاوارەكان دەستیان بە گەڕانەوە كرد بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان”.
بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی ئیدارەی سۆران، گووتیشی ” زۆربەی ئەو ئاوارەنەی عێڕاق كە دەگەڕێنەوە لە سنوورەكەمان، بەهۆی نەبوونی متمانەو نا سەقامگیری شارو ناوچەكانیان، ناوی خۆیان تۆمار ناكەن، ترسیان لەوە هەیە جارێكی دیكە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان و دڵنیا نین لە بارودۆخی شارەكانی عێڕاق، لە ئێستاشدا زیاتر لە 100 خێزانی ئاوارەی شارو شارۆچكەو ناوچەكانی ناوەڕاستی عێڕاق لە سۆران ماوەن، لەگەڵ چەندین خێزانی ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكان و نزیكەی 20 خێزانی ئێزیدی و شنگال و دەوروبەری، وەك خۆیان دەڵێن لێرە ڕاهاتوون و هەرێمی كوردستان بە سەقامگیر دەزان و خواستی گەڕانەوەیان نییە.